یۆرگن کڵۆپ: لە هاوژینەکەم بپرسن بارودۆخم چۆن بوو

رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول لە گرنگی نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ کەمدەکاتەوە و دەڵێت لە کاتی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا لە هاوژینەکەم بپرسن بارودۆخم چۆن بوو.

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە گەڕی نۆیەمی پرێمەرلیگدا لیڤەرپوول میوانداری لێستەر سیتی دەکات، بۆ یارییەکە لیڤەرپوول لە تواناکانی نیوە زیاتری یاریزانانی پێکهاتەی سەرەکی بێبەش دەبێت.

سەبارەت بە یارییەکە یۆرگن کڵۆپی راهێنەری رێدز دەڵێت، بە داوای لێبوردنەوە کە ئەمە دەڵێم، بەڵام زۆر گرنگی بە بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ نادەم، چونکە لەگەڵ وەرزی رابردوودا زۆر جیاوازە و ئەمساڵیش خولەکە قورسترە، چونکە زیاتر لە هەشت یانە رکابەری لەسەر ئەم نازناوە دەکەن.

سەبارەت بە یارییە نێودەوڵەتییەکانیش کڵۆپ دەڵێت، بڕۆن لە هاوژینەکەم بپرسن لە کاتی یاری هەڵبژاردەکاندا بارودۆخم چۆن بوو؟، راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پشووم نەداوە و بە کاتێکی قورسدا تێپەڕیم بەهۆی زۆری پێکانی یاریزانانی یانەکەم.