هێشتا یاریکردنی میسی یەکلایی نەبووەتەوە

20-11-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن کلاسیکۆ
A+ A-

بەشداریکردنی لیۆنێل مێسی لە یاری کلاسیکۆی دەیەمی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تاکو ئێستاش لەژێر پرسیار دایە و بەشداریکردنی ئەو ئەستێرەیە لە یارییەکەدا دیارنییە. رۆژی شەممە، کلاسیکۆییەکی دیکە، ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆدەکاتەوە و چاوەکان چەند چاوەڕێی بینینی یارییەکەن هێندەش چاوەڕێی بینینی مێسین بەتایبەتیش هاندەرانی بارسێلۆنا.

لیۆی گۆڵکاری کلاسیکۆ بە 21 گۆڵ، بەشداریکردنی یەکەمی لە کلاسیکۆدا دەگەڕێتەوە وەرزی 2005 بۆ 2006 کاتێک لەنێو یاریگای ریال مەدریدا لە یەکەم یاری خۆیدا گۆڵێکی بۆ ساموێل ئیتۆ دروستکرد و یارییەکەشیان بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.

لەیەکەم دەرکەوتنەوەیەوە لە کلاسیکۆدا تاکو ئێستا مێسی 30 یاریی ئەنجامداوە ، 14 سەرکەوتن، حەوت یەکسانبوون و نۆ شکستیشی تووشبوو.
 هەر لەو 30 یارییەدا کە ئەستێرە ئارجێنتییانییەکە بەشداریکردووە، یاریزانە بەشداری لە 34 گۆڵی یانەکەدا کردووە و خۆی بە 21 گۆڵ بووەتەوە گۆڵکاری کلاسیکۆ و 13 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.

. لە خولی لالیگای ئیسپانیا مێسی بەشداریی لە 18 کلاسیکۆدا کردووە، 10 سەرکەوتن، 3 یەکسانبوون و پێنج جاریش تووشی شکستهاتوون، لە کۆی ئەو یاریانەشدا یاریزانەکە توانیوویەتی دوو هاتریک تۆماربکات ئەمە جگە لەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیاش چەندین جار رووبەڕووی یانە شاهانەکەی پایتەختی ئیسپانیا بووەتەوە و چەندین جاریش گۆڵی ئەو یانەیەی هەژاندووە.

مێسی لە کۆی بەشدارییەکانی لە کلاسیکۆدا لەگەڵ چەندین ئەستێرەی جیاواز و لەژێر سەرپەرشتی چەندین راهێنەری بەناوبانگەوە یاریی ئەنجامداوە، ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی ریال مەدریدیش رەنگە مەزنترین قوڕبانی دەستی ئەو یاریزانە بێت کە مێسی توانیوویەتی 17 گۆڵ لێی تۆماربکات، مێسی بەشداری دەکات، ئەگەر بەشداری بکات چی دەبێت و بارسێلۆنا ئاستی چۆن دەبێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکەش شەممە وەڵامیان دەداتەوە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە