گواردیۆلا: رقم لە بۆینباخ و بەڕێوەبەرەکانە

20-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە زۆر حەز بەکارەکەی ئێستای دەکات و هەمان هەنگاوەکانی یۆرگن کڵۆپ هەڵنانێتەوە لە ژیانیدا.
 
قسەکانی گواردیۆلا لە کاتێکدایە کە ئەو راهێنەرە بەپێی گرێبەستەکەی، دوایین وەرزی کارکردنی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، بەسەردەبات.
 
پێپ دەڵێ ناتوانم وەک کڵۆپ ببمە بەڕێوەبەر، من حەزم لەوەیە هەموو بەیانییەک زوو بچمە سەرکارەکەم و چیمەنی یاریگە ببینم.
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوول کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا مەشقدانی ئەو یانەیە بەجێهێشت، لە چەند رۆژی رابردوودا وەک بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە کۆمپانیای رێد بوڵ دەستبەکاربوو کە خاوەندارێتی چەندین یانەی جیاوازی وەرزشی دەکات.
 
پێپ رەتیدەکاتەوە ئەگەر لە مانچێستەر سیتی بچێتە دەرەوە، وەک یۆرگن کلۆپ، ببێتە بەڕێوەبەر، ئەو دەڵێ، "حەزم لە بینینی چیمەنی یاریگەیە، حەزناکەم پیاوێک بم بەیانیان بەبۆینباخەوە بچمە سەرکار و ببمە فەرمانبەر، ئەگەر ببمە فەرمانبەر، رەخنەی زۆر لە بەڕێوەبەرەکەم دەگرم، لەبەرئەوە ناتوانم وەک فەرمانبەرێک بژیم".
 
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "تاوەکو ئێستاش حەزدەکەم هەموو بەیانییەک بێم و یاریگەی مەشقەکان ببینم و دەستبەکارکردن بکەم، هەر ئەوە هۆکاری سەرەکیی بوونی منە بەڕاهێنەر. من حەزم بەوەیە بیر لە یاریی داهاتوو بکەمەوە، نامە بۆ یاریزانەکانم بنێرم و وێنەکانیان بۆ بنێرم و تەماشای ڤیدیۆکان و مەشقەکان بکەمەوە و خۆم بۆ بردنەوە ئامادە بکەم".
 
گواردیۆلا کە پرسیاری لێکراوە لەبارەی کەمیی بوونی راهێنەرانی ئینگلیزی لە پرێمەرلیگ دەڵێ، "حەز بەدەرکەوتنی زیاتری ئەوان دەکەم، من بۆیە راهێنەری مانچێستەر سیتیم چونکە بیگریستاینی بەڕێوەبەری وەرزشیی داوای منی کرد و ئەو لە رۆژانی بارسێلۆناوە دەمناسێت، ئەگەر بەڕێوەبەرەکەم ئینگلیز بووایە، لەوانەیە دۆخەکە جیاواز بووایە".
 
پێپ کە تاکە راهێنەرە چوار نازناوی پرێمەرلیگ، بەسەریەکەوە لەگەڵ یەک یانەدا دەباتەوە و بەوەش پێش سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری مێژوویی مانچێستەر یونایتد کەوتووە، دەڵێ، "لەم جیهانە و لەم وڵاتەدا، سێر فێرگسۆن بەباشترین دەمێنێتەوە بەهۆی سەرکەوتن و نازناوەکانییەوە. من تەنیا ئەوەندەم بەسە کە لە باشترین راهێنەری مێژووەوە نزیک بم. ئەمە شانازییە بۆ من، هاوکارەکانم، یاریزانەکانم و هەمووان".
 
لەبارەی فێرگسۆنەوە زیاتر دەڵێ، "بۆ هاندەرانی یونایتد، سێر باشترین راهێنەرە بۆ هەموو کات و منیش هاوڕایانم. ناڵێم من خراپم، بەڵام ئەگەر وابووایە ئەوەندە ساڵە لێرە نەدەمامەوە، کێ لە کێ باشترە؟ گرنگ نییە. هەموو کات دەڵێین جۆکۆڤیچ لە نادال باشترە و نادال لە فێدرێر و فێدرێریش لە جۆکۆڤیچ، لە کاتێکدا ئەوان هەرسێکیان ناوازە بوون".
 
گواردیۆلا کە لە 2016ەوە راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتییە، لەبارەی رکابەرەکانییەوە دەڵێ، "یۆرگن کڵۆپ منی کردە راهێنەرێکی باشتر، جۆزێ مۆرینیۆ منی کردە راهێنەرێکی باشتر، ئێستاش میکێل ئارتێتا هەمان شت دەکات، ئێمە پێویستمان بەو دینامیکیەتە هەیە و هەر ئەوەندەش بەسە".
 
گواردیۆلا لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە لەگەڵ مانچێستەر سیتی، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یانەکە دەڕوات، دووپاتیکردووتەوە کە تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە.
 
ئەو لەبارەی بەردەوامبوون بۆ دەیەم ساڵی لەسەریەک لەگەڵ سیتی دەڵێ، "بەپێی ئەو پەیوەندییەی لە نێوانماندا هەیە، ئەگەر پرسیارم لێبکەن لەبارەی چارەنووسمەوە من رای خۆمیان پێدەڵێم، بەڵام ئەمە کاری من نییە، ئەوان بڕیار دەدەن و کارەکە پەیوەندی بەیانەکەوە هەیە نەک من".
 
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "وەک هاوڕێیەک رای خۆمیان پێدەڵێم، من کاتی زۆر باشم لەگەڵیاندا هەبوو، بەڵام دەبێ ئەوان بڕیار بدەن و دوا بڕیاریش لای ئەوانە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە