هاندەرانی بارسێلۆنا لە بڕیارێکی هانزی فلیک تۆقیون

20-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا کلاسیکۆ چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێدوانێکی هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی پێکهاتەی تیپەکەیەوە بۆ دوو یاریی داهاتوو، هاندەرانی یانەکەی تۆقاندووە و داوا لە راهێنەری یانەکەیان دەکەن، بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو ئینیاکی پینیا بۆ دوو یاریی داهاتووی یانەکە، بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ و ریال مەدرید لە لالیگا، گۆڵپارێزی سەرەکیی تیپەکە دەبێت، ئەو بڕیارە ترسی گەورەی لای هاندەرانی یانەکە دروستکردووە.
 
بەشێک لە هاندەرانی بارسێلۆنا، لە دوای بڕیارەکەی فلیکەوە، دەستیانکردووە بەواژۆکۆکردنەوە لە ژێر ناوی "نامانەوێت لە دوو یاریدا 20 گۆڵمان لێبکرێت". ئەو هاندەرانە داوا دەکەن، لە دوو یاریی داهاتووی تیپەکەدا، پینیا گۆڵپارێزی پێکهاتەکە نەبێت.
 
ئەوەی پاڵی بەهاندەرانی بارسێلۆناوە ناوە بۆ ئەو داواکارییە، بەشێکی پەیوەندی بەمێژووی ئەو گۆڵپارێزە لە هەندێک یارییدا هەیە و بەشەکەی دیکە پەیوەندی بەئامادەبوونی فیوچیک چیزنی گۆڵپارێزی نوێی یانەکەوە هەیە، کە لە ماوەی رابردوودا بارسا گرێبەستی لەگەڵدا کردووە.
 
ژمارە ئومێدبڕەکان
 
ئەگەرچی لە رووی توانا و ئەزموونەوە، چیزنی باشتر لە پینیا دەرکەوتووە، بەڵام بوونی پییا لە یارییە گرنگەکاندا، مایەی گەشبینی نییە لای هاندەرانی یانەکە.
 
پینیا 27 یاری بەشێوەی سەرەکی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لەگەڵ یانەکە ئەنجامداوە، 43 گۆڵی لێکراوە، واتە لە هەر یارییەکدا نزیکەی دوو گۆڵ، یان بەدیاریکراوی 1.6 گۆڵ.
 
لەو یارییانەدا، ئەو گۆڵپارێزە تەنیا هەشت جار کلین شیتی هەبووە، لە کاتێکدا پێشتر لەگەڵ تیپەکانی لاوانی بارسا ئاستی زۆر باشتر دەرکەوتووە.
 
هەندێک لەو یارییانەی پینیا لە کۆی 27 یارییەکە تێیاندا دەرکەوتووە، ئەنجامی هەندێک یاریی کارەساتاوی بوو بۆ گۆڵپارێزە تەمەن 25 ساڵییەکە.
 
دوایین کلین شیتی ئەو گۆڵپارێزە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی یۆنگ بۆیزی سویسری بوو، لە کاتێکدا ئەو بەرامبەر تیپەکانی دیکەی وەک ڤیکتۆریا پڵزن، پۆرتۆ و رۆیال ئانتوێرپ یارییکردووە.
 
بارسا لە ئامادەبوونی پینیادا، لە هەندێک یاریدا شکستی هێناوە کە دەبوو بە ئاسانی بیانباتەوە، وەک یاریی بەرامبەر ڤایادۆلید و سێلتاڤیگۆ لە مانگی پێنجی 2023، هەروەها رووبەڕووی شکستی گەورە بووەتەوە کاتێک جیرۆنا وەرزی رابردوو چوار گۆڵی لە تیپەکە کرد و پاشان ڤیاریالیش پێنج گۆڵی لێکرد کاتێک پینیا گۆڵپارێز بوو.
 
پینیا دواتر لەلایەن ئۆسەسۆناوە چوار گۆڵی لێکرا و دواتریش دوو چوارینەی دیکەی لەلایەن هەریەکە لە ئاتلێتیک بیبلباو و ریال مەدریدەوە لە جامی شا و سوپەری ئیسپانیادا لێکرا.
 
ئەو بڕیارەی کەس لێی تێناگات
 
پینیا بۆ هیچکام لە راهێنەرانی ساڵانی پێشووی بارسا، گۆڵپارێزی سەرەکی نەبووە، تەنانەت فلیک خۆی بەر لە پێکرانی قورسی تێرشتیگن، بۆ یەک خولەکیش یاریی بەو گۆڵپارێزە نەکردووە.
 
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، فلیک دەیەوێت کەمێک متمانە بە پینیا بدات، هەروەها بۆ چیزنی دووپات بکاتەوە کە مەرج نییە لەبەرئەوەی بەتایبەت گرێبەستی لەگەڵدا کراوە، ئیدی گۆڵپارێزی سەرەکی بێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە دوو یاریی گرنگدا بەرامبەر بایرن و ریال، بڕیارەکە دروستە؟
 
دەستنیشانکردنی پینیا لای میدیای کەتەلۆنی و هاندەرانی یانەکە بەجۆرێک لە ترسەوە وەرگیراوە، هەمووان گومانیان لەوە هەیە کە ئەو گۆڵپارێزە بەهەڵەکانی، قوربانیی بەماندووبوونی تیپەکە و ئاستی باشی یاریزانانی دیکەی یانەکە بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە