بەهۆی بوونی ئافرەتێک لە ژوورەکەیدا، کرووس لە مۆندیال دوورخراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ماکس کرووس، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ولفسبۆرگی ئەڵمانی، ئاشکرایکردووە لە پێکهاتەی ئەڵمانیا بۆ مۆندیالی 2014 دوورخراوەتەوە، پاشئەوەی هانزی فلیکی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکە، زانیویەتی ئافرەتێک لە ژووری هوتێلەکەیدا بووە.
 
کرووس لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی داوە، دەڵێ، پێش یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئینگلتەرا لە لەندەن ساڵی 2013، کەسێک پێشنیازی بانگهێشتکردنی ئافرەتێکی بۆ ژوورەکەم لە هوتێل بۆ کردم و منیش ئەگەرچی دڵخۆشنەبووم، بەڵام رازی بووم و کاتێک ئافرەتەکە هات، ئیدی دەستمانکرد بە قسەکردن.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پاش پێنج خولەک لە هاتنی ئافرەتەکە، بینیم لە دەرگای ژوورەکەم دەدرێت، کاتێک دەرگام کردەوە، بینیم هانزی فلیک و ئۆلیڤێر بێرهۆڤی رێکخەری هەڵبژاردەکە لەبەردەرگان، دەستبەجێ پێیانگوتم، ئەو ئافرەتە لێرە دوورخەرەوە، سبەی قسەت لەگەڵ دەکەین".
 
ئەو یاریزانە کە کارەکەی خۆی بە 'بێعەقڵانە' ناوبردووە، دەڵێ من پێشتر هەر کاتێک ئافرەتم بانگهێشتبکردایە، ژوورێکی دیکەم لە نهۆمێکی دیکە بۆ دەگرت، بەڵام ئەمجارە یەکسەر هێنامە ژوورەکەی خۆم.
 
ماکس دەڵێ، بەرپرسانی هەڵبژاردەکە پێیانگوتم، ئێمە بەئاستت لە یاریگەدا دڵخۆشین، بەڵام ئەگەر ئەم چیرۆکەی تۆ دزە بکاتە سەر رووپەلی رۆژنامەکان، وێنەیەکی زۆر خراپ لەسەرمان دروستدەبێت، هەر بۆیە لەمکارەدا توانای هیچ شتێکمان نییە، یان دەبێ بەتەواوی هەموو بیروهۆشت لای تۆپی پێ بێت، یان ئیدی تۆ بەشداری لە مۆندیالی داهاتوودا ناکەیت.
 
ئەو دەڵێ، ئەگەرچی من دوای ئەو رووداوە هەڵسوکەوتی خۆمم راستکردەوە و تاوەکو کۆتایی وەرز بەباشی مامەوە، بەڵام بینیم منیان لە پێکهاتەی مۆندیال دوورخستووەتەوە و بەوەش شۆک بووم. دڵخۆشدەبووم ئەگەر بەشێک بوومایە لەو پێکهاتەیەی مۆندیالی بردەوە.
 
کرووس دەڵێ، زۆر یاریزانی دیکەش هەمان کاریان دەکرد، بەڵام ئەوان لە من زیرەکتربوون، باشتر کارەکەیان دەکرد و بەنهێنی دەمایەوە.
 
هانزی فلیک لە مۆندیالی 2014ی بەرازیل کە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نازناوەکەی بەدەستهێنا پاشبردنەوەی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، یاریدەدەری یواکیم لۆفی، راهێنەری ئەوکاتی هەڵبژاردەکە بوو.