رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و نەفت لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق شەڕ و ئاژاوە لە نێوان چەند هاندەرێکی یانەی دهۆک و زاخۆ روویاندا و هاندەرێک، کە درێسی یانەی زاخۆی پۆشیوە لێیدراوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە و هاندەرانی زاخۆ لەم رووداوانە تووڕەن.
بلند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەم بابەتە بکرێت، ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەم دیاردانە دەستی لە پشتە و بە وردی لەسەری دەوەستین، بەڵام ئێمە وەک دوو یانە ناتوانین کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەین، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرهێڵ، چۆنکە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و داهاتووی وەرزش لە پارێزگاکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پێویستە پۆلیس و لایەنەکانی دیکە رۆڵی گەورە ببینن."
سەرۆکی یانەی زاخۆ زیاتر گوتی " پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە وەربگرین، کێن ئەم کارانە دەکەن؟ بۆچی دەکرێت؟ ناکرێت هەر یارییەک بکرێت هەڕەشەی لەسەر بێت، ئەوەی روودەدات لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و لە وەرزشەوە دەبێتە دژایەتیکردنی نێوان دوو شار، بەڵام ئێمە لە کارگێڕیی یانەی زاخۆ دووپاتیدەکەنەوە کە ئێمە دەبێت وەرزش بکەینە پەیامی لەیەک تێگەیشتن، نەک لە یەک دوورکەوتنەوە."
لەبارەی سزاکانی سەر یانەکە دوای رووداوەکانی یاریی زاخۆ و سناعە، سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی " لەو بڕوایەدانیم سزایەکە کەمبکرێتەوە، هەرچەند گفتوگۆ کراوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت، بەڵام متمانەمان بە بەڵێنەکان نییە و ئێمە قوربانین."
بلند شەفیق، زیاتر بە رووداوی گوت " پیرۆزباییم لە سەرۆکی یانەی دهۆک کردووە و دوای گەڕانەوەم لە بەغدا سەردانی یانەی دهۆک دەکەم و لە نزیکەوە لەسەر هەموو ئەو رووداوانە دەوەستین کە روویانداوە."
لەلایەن خۆیەوە عەبدوڵلا جەلال، ئەو رووداوانەی لە یارییەکەدا روویانداوە بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نین و زۆر نیگەرانین لەوەی کە روویداوە، ئێمەش لەو بڕوایەداین کە ئەمەی روودەداتە لە خۆیەوە نییە."
سەرۆکی یانەی دهۆک دووپاتیدەکاتەوە ئەوەی کە روودەدات چەند هاندەرێکی کەم دەبنە هۆکاری دروستبوونی، ئەگەرنا ئێمە لە باشترین پەیوەندیداین لەگەڵ یانەی زاخۆ.
سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت " کارگێڕیی یانەی زاخۆ خاوەن رێزێکی زۆرن و لەسەر ئەم پرسە کۆدەبینەوە و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دەدەین."
یانەی دهۆک لە یارییەکەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی نەفتی بردەوە و دووەم یاریی لەسەریەکی لە خولەکەدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی 7 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ