کەریم ئامادەی دادگا نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەمڕۆ ئامادەی دادگای ڤێرسای نەبوو، کە داوایلێکرابوو بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئابڕووبردنی ماتیۆ ڤالبوینای هاوڕێی ئامادەی دادگا ببێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئەمرۆ بنزیما نەچووە دادگا، کە دوێنێ بە گەشت لەگەڵ ریال مەدرید لە ئۆکراینا بووە و لە سێیەم گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا 5 - 0 لە شاختاریان بردەوە، کە کەریم دوایین گۆڵی تیپەکەی تۆمارکرد.
ساڵی 2015 بنزیما بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی هەبووە لە هەوڵێک بۆ ئابڕووبردنی ڤالبوینا، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئابڕووبەرانەی ڤالبوینا کەوتە دەستی 3 کەس و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان کرد ئەگەر ئەو یاریزانە بە پارە رازییان نەکات، کەریمیش دانی بەوەدا نا کە لەسەر داوای هاوڕێیەکی منداڵیی کە ئەو 3 کەسە دەناسێت، ویستوویەتی کێشەکە چارەسەربکات، داوای لە ڤالبوینا کردووە پارەیان پێبدات بۆ ئەوەی ڤیدیۆیەکەی بڵاونەکەنەوە، بەڵام ئەوە خراپ بەسەر کەریمدا شکایەوە و بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی لەو کارەدا هەیە، تەنانەت دواتر خودی ڤالبویناش بنزیمای بەوە تۆماتبارکرد کە رۆڵێکی خراپی هەبووە لەو پرسەدا.
ئەو رووداوە بووە هۆکاری دوورخستنەوەی هەردوو یاریزانەکە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ساڵی 2015، کە دوای 7 ساڵ بنزیما گەڕایەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان و لەگەڵیدا نازناوی نەیشنلیگی بردەوە.
کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵدا کەریم بنزیما درایە دادگای ڤێرسای، سیلڤان کۆرمێیی پارێزەری کەریم، سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد و رایگەیاند "بڕیارێکی بێمانا و هیچە".
موستەفا زواوی، کە تۆمەتبارە بە پرسی کاسێتە سێکسییەکە، ئەمڕۆ ئامادەیی دادگا بوو، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بەرگری لە خۆی کرد، کە ئەو دادگاییکردنەی کەریم بنزیما ماوەی 3 رۆژ دەخایەنێت.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە، کە بنزیما ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و هەموو جیهانی سەرسامکردووە، تا ئەو راددەیەی کە زۆر لە کەسایتییە وەرزشیی و میدیاکان داوادەکەن باڵۆن دۆری پێبدرێت وەک باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم رووداوە کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر بنزیماوە دەبێت و هەڵوێستی لە بردنەوەی باڵۆن دۆر لاوازدەکات، چونکە رەوشت و هەڵسوکەوتەکانی یاریزان لە دەرەوەی یاریگەش پێوەرێکن بۆ خەڵاتەکە.