ڤیدیۆ؛ هیلال گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و ریکۆردی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی گەیشتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لە دێربیی ریازدا، لە یانەی نەسری هاونیشتمانیی بردەوە.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا و لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیاندا لەسەر ئاستی کیشوەری، هەردوو یانە لەسەر یاریگەی مەرسۆل پارک رووبەڕووی یەکبوونەوە، هیلال یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
لە خولەکی 17 موسا ماریگای مالی، ئەستێرەی پێشووی یانەی پۆرتۆ گۆڵێکی بۆ هیلال تۆمارکرد، لە خولەکی 45 عەلی محەممەد لاجامی لە یانەی نەسر بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام لە خولەکی 50 ئاندرسۆن تالیسکای بەرازیلی ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە بەلێدانی سەر یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 71 سالم ئەلدوسەری، ئەستێرەی سعودی گۆڵی دووەمی بۆ یانەی هیلال تۆمارکرد و یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
 
هیلال بەم بردنەوەیە چوارەمجارە لە ڤێرژنی نوێدا دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بەمەش بووە یەکەم یانە کە زۆرترینجار گەیشتبێتە یاریی کۆتایی.
 
یانە سعودییەکە پێشتر سێ جار نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیای بردووەتەوە، دوایینجار لە 2019 بووە، لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی پۆهانگ ستیلەرز و ئۆڵسان هیوندا یارییدەکات، کە هەردوو یانەکەی کۆریای باشوور گەیشتوونەتە قۆناخی پێشکۆتایی.

دیمەنەکانی یارییەکە بەدەنگی فەهد ئەلعتێبی