ئیکاردی داوای لێبوردن لە واندا نارا دەکات

20-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئیکاردی واندا نارا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی داوای لێبوردن لە واندا نارای هاوژینی دەکات، بەرامبەر ئەو رووداوانەی لە ماوەی رابردوودا روویاندا و نووسیوویەتی "سوپاس بۆ متمانەبوونت بەم خێزانە."

ئیکاردی لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی و واندا نارای بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی " سوپاس خۆشەویستم بۆ بەردەوامیدان بە متمانەت بەم خێزانە جوانە، سوپاس بۆ ئەوەی وادەکەیت ژیانم بەردەوامبێت، خۆشمدەوێیت."
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردبووە، واندا نارا چووەتە پاریس بۆ ئەوەی لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پەیوەندییە بکات کە لەگەڵ ماریا یۆجینا سوارێزی خانمە ئەکتەری ئەرجەنتینی هەیبووە.
 
واندا نارا بەو پەیوەندییەی ئیکاردی لەگەڵ خانمە ئەرجەنتینییەکە هەیبوو پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئیکاردی تێکدا، لەکاتێکدا ئیکاردی و سوارێز پێکەوە قسەیانکردبوو و خانمەکە نامەی بۆ ئیکاردی ناردبوو و نووسی بووی "دەبێت رۆژێک لەم رۆژانە پێکەوە بچین بۆ ئاهەنگ لە یەکێک لە شوێنەکانی ئەم جیهانە."
 
ئیکاردی لە وەڵامی ئەو نامەیەی یۆجینا سوارێز نووسیوویەتی "نازانم بۆچی ئەم رۆژانە حەزم لە ئاهەنگ نییە؟"
 
دوای ئەوەی واندا نارا، بەم پەیوەندییەی نێوان ئیکاردی و یۆجینا سوارێز زانی، لە ئینستاگرامەکەی ستۆرییەکی بڵاوکردەوە و نووسی "بەهۆی سۆزانییەکەوە خێزانێکت تێکدا"، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر نەمابوو ئیکاردی و واندا نارا لە یەکدی جیاببنەوە، بەتایبەت کە واندا وێنەیەکی دەستی خۆی بڵاوکردەوە و نووسی " وا جوانترە کە ئەڵقە لە پەنجەکانمدا نەبێت."
 
یۆجینا سوارێز کە کەسی سێیەمی نێو پرسەکەیە لە رێگەی میدیای ئەرجەنتینەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "من هیچ بیرۆکەیەکم نییە و تەنانەت ئەوانە ناناسم، نازانم ئەم هەموو شتە لە کوێ هاتووە و بەو هۆیەشەوە هەست بە نیگەرانی دەکەم."

 

 

واندا نارا پێشتر بەهۆی خۆشەویستی ئیکاردییەوە، لەکاتێکدا سێ منداڵی هەبوو لە ماکسی لۆپێز، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جیابووە و ژیانی هاوژینی لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی پێکهێنا و بووە بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە.
 
ئیکاردی و واندا نارا لە 2013 پەیوەندیی خۆشەویستیان دەستپێکرد، لە مانگی ئایاری 2014 دوای ماوەیەکی کەم لە جیابوونەوەی لە ماکسی لۆپێز ژیانی هاوژینیان پێکهێنا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێنا و پەیوەندیی نێوان ئیکاردی و ماکسی لۆپێز بەتەواوی تێکچوو.
 
دوای ئەوەی واندا نارا ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئیکاردی پێکهێنا، لە نیسانی 2014 هەردوو یانەی سامپدۆریا و ئینتەرمیلان رووبەڕووی یەکبوونەوە، کە ماکسی بۆ سامپدۆریا و ماورۆش لە ئینتەر یارییدەکرد، بەڵام لۆپێز ئامادەنەبوو تەوقە لەگەڵ ئیکاردی بکات، بەمەش میدیای ئیتاڵیا ناونیشانی یارییەکەیان کردە "دێربیی واندا"
 
کاتێک واندا نارا ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئیکاردی پێکهێنا خاوەنی 3 منداڵبوو، کە منداڵەکانی ماکسی لۆپێزن، ئێستاش دوو منداڵی دیکەیان هەیە بەناوەکانی فرانچیسکا ئیکاردی نارا و ئیزابێلا ئیکاردی نارا.

 

 

پێشتر لەبارەی ئەو سێ منداڵەی ماکسی لۆپێز و واندا نارا، ئیکاردی لە 2015 گوتبووی "من ئەم سێ فریشتەیەم خۆشدەوێت."
 
بەهۆی ئەو کێشانەی لەنێوان ماورۆ ئیکاردی و واندا نارا روویاندا، هێرشبەرە ئەرجەنتییەکە بەشداریی لە یاریی پاریس سانجێرمان و لایپزیگدا نەکرد، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا کە پاریس 3-2 یارییەکەی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە