خاوەنی زۆرترین نازناوی خولی کوردستان لە خولەکە کشایەوە

20-10-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زێرەڤانی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی زێرەڤانیی شاری دهۆک، بەشێوەیەکی فەرمی سەرجەم چالاکییەکانی راگرت و بەشداری لە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی کوردستان ناکات.

سەرچاوەیەک لەنێو یانەی زێرەڤانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەکە و دابیندکردنی بودجەیەک بۆ یانەکە دران، بڕیاری راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی راگرت و بەشداری لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان ناکات.

چەند رۆژێک لەمەوبەر تیروپشکی خولی یانە نایابەکانی کوردستان راکێشرا، یانەی زێرەڤانی بەبێ هیچ ئامادەکارییەک ناوی لە تیروپشکەکەدا هەبوو و کەوتە کۆمەڵەی یەکەم، بەڵام چەند رۆژێک دوای راکێشانی تیروپشکەکە یانەی زێرەڤانی دوای چەندین کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارەی کە ناتوانن بەشداری لە خولەکەدا بکەن، بەمەش یانەکە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دادەبەزێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد، بەشێکی زۆری یاریزانەکانی ئێستای یانەکە لەلایەن یانەکانی دیکەوە داواکراون و چاوەڕواندەکرێت پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە بکەن، بۆ یارییکردن لە خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی عێراقدا.

یانەی زێرەڤانی پێشتر ناوی یانەی پێرس بووە، ساڵی 2011 ناوی کراوەتە یانەی زێرەڤانی و لە ماوەیەکی کەمدا توانیی ببێتە ناوێکی دیاری تۆپی پێی کوردستان و یەکەم یانەیە چوار جار نازناوی خولی یانە نایابەکانی بردبێتەوە، کە لە وەرزەکانی 2013-2012-2014-2013-2015-2014-2018-2017 نازناوەکەی بردووەتەوە، یەکەم یانەشە سێ وەرز لەسەریەک بووبێتە پاڵەوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە