چاڤی ستایشی فێلیکس دەکات و نهێنییەک ئاشکرا دەکات

20-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جواو فێلیکس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی یەکەم یارییان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە بە 5-0 بەرامبەر یانەی رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی، چاڤی هێرناندێز ستایشی ئاستی جواو فێلیکس دەکات.
 
لە یارییەکەدا جواو فێلیکس، کە ئەم هاوینە لە دوایین رۆژەکانی گواستنەوەدا پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کرد، دوو گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵێکی دروستکرد، بەمەش بووە باشترین یاریزانی یارییەکە.
 
دوای ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانە پۆرتوگالییەکە پێشکێشیکرد، چاڤی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "من زۆر رازیم و دڵخۆشم بەو ئاستەی تیپەکە پێشکێشی کرد، راستە ئێمە یارییەکەمان بە 5-0 بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد، ئەم یارییە و ئەو یارییەی بەرامبەر ریال بێتیس ئەنجامماندا باشترین ئاستی ئێمە بوو لەو کاتەوەی من بوومەتە راهێنەر."
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت "تیپەکەمان زۆرباشە و یاریزانی زۆرباشی تێدایە، لە هەموو روویەکەوە ئاسوودەین و پێویستە بەردەوامبین."
 
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ئاستبەرزیی جواو فێلیکسی کرد و گوتی "لەسەر جواو پێویستە پارێزگاری لە ئاستی خۆی و بیرکردنەوەی بکات، ئەوە کلیلی سەرکەوتنی ئەوە، ئێمە چێژی لێ دەبینین، ساڵی رابردووش ئێمە پێویستیمان بەوە بوو لە رووی هێرشبەرییەوە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین."
 
راهێنەری بلاوگرانا لەبارەی قسەکردنی لەگەڵ ڤان بۆمێل راهێنەری یانەی رۆیال ئانتوێرپ و هاوڕێی پێشووی لە بارسێلۆنا گوتی "ئەو پێگوتم تیپێکی زۆرباشت هەیە، منیش پێمگوت، بەڵێ ئێمە باشین."
 
بارسێلۆنا دوو یارییە لەسەریەک لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئیسپانیا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر دەیباتەوە و هەر زوو لە چامپیۆنزلیگدا پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە