ماددەی هۆشبەر یاریزانێک لە مۆندیالی 2022 بێبەشدەکات

20-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی 2022 سەنیگال کەیتا بالدێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی سپارتاک مۆسکۆی رووسی رایگەیاند، دادگای نیشتمانی بەدواداچوونی ماددەی هۆشبەر، بڕیارییدا کەیتا بالدی، یاریزانی سەنیگالی و یانەکە تاوەکو 5ـی12 لە یارییکردن رابگرێت.
 
بەپێی راگەیێنراوی یانە رووسییەکە هۆکاری راگرتنی ئەو یاریزانە بۆ پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی تاقیکردنەوەی دژی ماددەی هۆشبەر بوو، لە یەکێک لە یارییەکانی یانەی پێشوویدا، کاتێک بۆ کالیاری یارییدەکرد بەرامبەر یانەی ئودینێز، کە لەو یارییەدا یاریزانەکە ئامادەنەبووە تاقیکردنەوەکە بکات و یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانیش هەموو فیدراسیۆنەکان دەستکراوە دەکات بۆ سزادانی ئەو یاریزانانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، یان پێشێلی یاسای دژی ماددەکە دەکەن.
 
بەهۆی ئەو راگرتنەیەوە لە یارییکردن بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە لە مۆندیالی 2022 بێبەش دەبێت و لە هەڵبژاردەی سەنیگال دووردەخرێتەوە.
 
کەیتا بالدێ، بەهۆی ئەو سزادانەوە ناتوانێت بەشداری لە مەشقەکانیشدا بکات، تاوەکو 22 رۆژ بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی سزایەکەی، بەڵام دەتوانێت تانە لە سزایەکەی بدات.
 
هەڵبژاردەی سەنیگال، دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالدا لە میسری بردەوە خۆی گەیاندە مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
کەیتا بالدی 40 یاریی نێودەوڵەتیی بۆ سەنیگال ئەنجامداوە و بەشداریی لە جامی جیهانی 2018 کردووە، لە جامی ئەفریقای 2021 بەهەمان شێوە لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشداربوو.
 
شێرەکانی تیرانگا لە کۆمەڵەی یەکەمی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی قەتەر، ئیکوادۆر و هۆڵەندا یارییدەکات.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە