یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە دڵنیایی دەداتە هاندەرانی

20-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دڵنیایی دەداتە هاندەرانی کە لە وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا بەشدار دەبێت.
 
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " هاوشێوەی هەموو یانەکانی دیکەی بەشدار لە خولی یانە نایابەکانی عێراق مافی ئەوەمان هەیە کە کاتی زیاترمان پێبدەن بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق جێبەجێبکەین و بە نووسراوی فەرمیش ئەم داوایەمان پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت " هیچ بنەمایەک بۆ بەشدارینەکردنی دهۆک لە خولی نایابی عێراقدا نییە و لیژنەی بەدواداچوونی رێکارەکانیش تاوەکو ئێستا پێیان رانەگەیاندووین کە چەند قەرز لەسەر یانەکەیە، بۆ ئەوەی هەموو رێکارەکان وەک خۆی جێبەجێبکەین و ئامادەبین بۆ بەشداریکردن لە خولەکەدا."
 
عەبدوڵلا جەلال زیاتر گوتی " متمانەی تەواومان بە تیپەکەمان هەیە و پێویستە هاوشێوەی یانەکانی دیکە کات بە ئێمە بدرێت بۆ ئەوەی رێکارەکانمان تەواوبکەین، لەکاتێکدا بەدیارییکراوی تەنیا 10 رۆژی سەرکەوتنمان بۆ خولی نایابی عێراق مسۆگەرکردووە."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت " لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەر لەسەر هێڵین، متمانەی زۆرمان بە دەستەی راهێنەرایەتی یانەکە هەیە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆرباش بەشداری لە خولەکەدا بکەین و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەین."
 
قسەکانی سەرۆکی یانەی دهۆک لەکاتێکدان، کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەگەری هەیە یانەی دهۆک لە خولی نایابی عێراق بێبەشبکرێت.
 
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق لە 2ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی یانە بەشدارەکانی خولەکە بەتەواوی دیار نییە.
 
یانەی دهۆک دوای ئەنجامدانی دوو یاریی پاشکۆی گەیشتن بە خولی نایابی عێراق و بردنەوە لە یانەکانی ناسرییە و ئەمانە بەغدا، سەرکەوتنی بۆ خولی یانە نایابەکانی عێراق مسۆگەرکرد و شانبەشانی یانەکانی زاخۆ، هەولێر و نەورۆز لە وەرزی نوێی خولەکەدا نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە