گواردیۆلا ئەوکاتەی دەمی ناگاتە ترێ و دەڵێت لایبە ترشە

20-09-2021
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن وتار گواردیۆلا
A+ A-
رێبوار محەممەد  
 
لەم رۆژانە لێدوانێکی پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی سەرنجی راکێشام، کە ئەوەندەی بیانوو هێنانەوەیە بۆ رووداوێک، باسکردن لە راستییەک نییە.
 
پێپ دەڵێت، من لە هیچ یانەیەک لەو یانانەی مەشقمداون، بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ نەبووەتە ویستی سەرەکیم. بەشێکی ئەم لێدوانە کۆنە و بۆ کۆتاییەکانی وەرزی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەشێکی دیکەشی نوێیە، بەتایبەت کە کورد گوتەنی دەڵێت لە هیچ یانەیەک،  مەراقی سەرەکیم نازناوی چامپیۆنزلیگ نییە.
 
ئەم لێدوانانە هێندەی وەک پەردەپۆشکردنی شکستێک دێتە بەرچاو، هێندە وەک راستییەک نایەتە بەرچاو، ئاخر هیچ راهێنەرێک لە دونیادا بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ لە ئامانجی سەرەکیی خۆی دوورناخاتەوە، بەتایبەت کاتێک مەشقدەری یانەیەکی وەک مانچێستەر سیتی، بێت، یانەیەک هەموو شتێکی هەیە، تەنیا نازناوێکی چامپیۆنزلیگی کەمە.
 
لە بەها و لێهاتوویی و گەورەیی پێپ کەمناکەمەوە، ئەو لە هەر شوێن و جێگایەک بێت، جێدەستی دیارە، فەلسەفە و بیری خۆی لە تۆپی پێدا بەسەر تیپەکەیدا دەسەپێنێت، شەڕ لەسەر نازناوەکان دەکات، تیپەکەی بۆ بەدەستهێنانیان ئامادە دەکات و کاتێکیش یاریزانەکانی ئاهەنگی سەرکەوتن و بردنەوەی نازناوەکە دەگێڕن، ئەو لە هەمووان دڵخۆشتر دەردەکەوێت، چونکە هەستدەکات رەنجی ئەو، بەرهەمەکەی بەدەستهێنانی نازناو بووە.

 

هەموو ئەو راستییانە، راستییەک ناشارنەوە، پێپ هەندێکجار فەلسەفەی زۆر لێدەدات، ئەو زۆر فەلسەفە لێدانە، دووچاری کەلەرەقیی دەکات، ئەو کەلەڕەقییەش سەرئەنجام هەڵە و دواتر شکستی لێدەکەوێتەوە، گەرچی شکست بەشێکی سەرەکییە لە تۆپی پێدا، شوورەیی نییە و سرووشتییە، وەلێ پەندوەرنەگرتن لە شکست، مایەی سەرکۆنەکردنە.
 
گەرچی گواردیۆلا راهێنەرێکی لێهاتووی خاوەن فەلسەفەی تایبەتە، لە هەموو جێگایەک شوێندەستی خۆی دەردەخات، بەڵام من لە گواردیۆلادا 'سوپەرکۆچ' نابینمەوە، چونکە وەکچۆن زۆرجار لە یارییەکاندا فەلسەفەی زیاد لێدەدات، لەو لێدوانەشیدا کە لەسەرەوە باسمکرد، هەمان کاری کردووە.
 
راستە زۆر راهێنەر پەنا بۆ هەمان تاکتیک یان قسەی گواردیۆلا دەبەن، بەڵام کەی؟ ئەوکاتەی تیپەکەیان دەگاتە یارییەکی چارەنووسساز و ئەوەش بێگومان بۆ دوورخستنەوەی فشارە لەسەر یاریزانەکانی و پێنەدانی هەستی زیادەی دڵنیابوونە لە خۆیان. بەڵام ئەمەی گواردیۆلا ئەوەندەی وەڵامە بۆ ئەو فشارەی لە دوای بارسێلۆناوە لەسەری دروستبووە بەهۆی نەبردنەوەی چامپیۆنزلیگەوە، ئەوەندە وەڵامێکی راست و دروست نییە.
 
ئەگەر گواردیۆلا وەکخۆی دەڵێ، بردنەوەی چامپیۆنزلیگی نەکردووەتەوە خەمی گەورەی خۆی، بەتایبەت لە مانچێستەر سیتی، ئەی بۆچی وەرزی رابردوو بەهەموو توانای خۆیەوە خۆی بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە ئامادەکرد، لە بەرامبەر چێڵسی و جەنگا لەپێناو بردنەوەی نازناوەکەدا؟ ئەی بۆ کاتێک دوای یارییەکە قسەی بۆ 'بی بی سی' کرد، گوتی ئەمە جاری یەکەمبوو بگەینە ئەم قۆناخەی پاڵەوانیەتییەکە، هیوادارم لە داهاتوودا بگەینەوە هەمان قۆناخ؟. 
 
بێگومان گواردیۆلا زۆر حەز بەبردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەکات، وەرزی رابردووش زۆر نزیکبوو لەو دەستکەوتە، فەلسەفە لێدانی زیاد لە پێویست لە پێکهاتەکەیدا و پێکانی دی برۆین لە یارییەکەدا، ئەرکی ئەوی قورسکرد و نازناوەکەی بەخشییە چێڵسی، دەنا دەکرا ئێستا ئەو وەک پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەکە ناوی بهێنرایە.
 
لە راستیدا گواردیۆلا لە زۆر راهێنەری دیکەی ئێستای یانە گەورەکانی ئەوروپا، زیاتر پێویستی بە نازناوی چامپیۆنزلیگە، بەبڕوای من لە دوای ماوریسیۆ پۆکیتینیۆوە، لە گۆڕەپانی ئێستای تۆپی پێی ئەوروپادا، هیچ راهێنەرێکی دیکە ئەوەندە داواکراو نییە لێی نازناوی ئەو خولە بباتەوە. دەزانن بۆ؟ بابگەڕێینەوە بۆ مێژوو..
 
تا ئێستا ئەوەی وەک خاڵێکی گەورە لەسەر پێپ ئەژمار دەکرێ، لە دوای بارسێلۆناوە ئەو نازناوەی نەبردووەتەوە، بەتایبەت لە تیپێکدا کە مێسی تێدا نەبێت، تا ئێستاش ئەوە دەگوترێتەوە، پێپ بەبێ مێسی، نەیتوانیوە نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.
 
لەوکاتەوەی گواردیۆلا لە بارسێلۆنا رۆیشتووە، باشترین دەستکەوتی ئەو، گەیشتن بووە بەیاری کۆتایی وەرزی رابردوو و لەو کاتەوە، کە وەرزی 2011 بوو تائێستا سەیرەکە لەوەدایە، بارسێلۆنا لەگەڵ ئینریکێ نازناوی هەمان پاڵەوانیەتیی بردەوە و بایرن میونشنیش کە ساڵانێکی بەرچاو پێپ راهێنەری بوو، هەمان نازناوی بردەوە، بەڵام لەگەڵ گواردیۆلا نا، بەڵکو لەگەڵ هانز فلیک، کەواتە تاکە کەس کە دەستبەتاڵ لە پاڵەوانیەتییەکە دەرچووە تا ئێستا، هەر پێپ گواردیۆلا بووە.
 
هەر بۆ مێژوو، کاتێک دەگەڕێینەوە وێستگەکانی کارکردنی پێپ لە دوای بارسێلۆناوە، ئەو لە بایرن میونشن و مانچێستەر سیتی راهێنەر بووە، کەس بردنەوەی نازناوی بۆندسلیگا لەلایەن بایرن میونشنەوە بە دەستکەوتێکی مێژوویی نابینێت، بەڵکو دەستکەوت لەگەڵ بایرن، بردنەوەی چامپیۆنزلیگە، وەکئەوەی فلیک کردی.
 
بۆ مانچێستەر سیتیش، گەرچی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ لەلایەن ئەو یانەیەوە لە کاتێکدا مێژوویەکی گەورەی لە خولە ناوخۆییەکەدا نییە و بەلەبەرچاوگرتنی زەحمەتیی و ئەستەمیی رکابەرییەکان لە پرێمەرلیگ، کارەکە مێژووییە، بەڵام هێندەی گەورەیی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ نییە بۆ ئەو یانەیە، بەتایبەت کە هەموو جیهان باس لەو پارە خەیاڵییە دەکات کە پێپ بە خاوەنە ئیماراتییەکانی یانەکەی خەرجکردووە، لەپێناو دروستکردنی تیپێکی رکابەر لەسەر نازناوەکان.
 
گواردیۆلا هەقی خۆیەتی هەرچییەکی دەوێت، ئەوە بڵێت، دەشتوانێ چۆنی بوێت بەو شێوەیە بیانوو بۆ هەڵسوکەوت و کارەکانی بهینێتەوە، بەڵام پێویست ناکات لە لێدواندا، وەک یاریکردن فەلسەفەی زیادە لێبدات، خۆی بەر لە هەمووان باشدەزانێ چیکڵدانی بەرپرسەکانی سیتی لەوە زیاتر بەرگە ناگرێت و ئەگەر نەگاتە نازناوی چامپیۆنزلیگ، کورسییەکەی لە مەشقدانی سیتی تاسەر پارێزراو نابێت. کەواتە باشترە پاش خەرجکردنی ملیارێک یۆرۆ، بەئارامی دانبەویستەکەی خۆیدا بۆ چامپیۆنزلیگ بنێت، نەک کورد گوتەنی دەمی نەگاتە ترێ و بڵێ: لایبە ترشە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە