پۆچێتینۆ سەبارەت بە تووڕەبوونی مێسی قسەی خۆی کرد

20-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ماورێسیۆ پۆچێتینۆ
A+ A-
رووداو دیجیتال 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، سەبارەت بە تووڕەبوونی لیۆنێل مێسی بەهۆی دانیشتاندنییەوە، گوتی "ئێمە بۆ ئەوە راهێنەرین کە بڕیار بدەین چی بۆ تیپەکە باشە، یاریزانان رازی بن یان نا".
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی لووتکەی لیگ وەن لەنێوان پاریس سانجێرمان و لیۆن، کە 2 - 1 لە بەرژەوەندی تیپەکەی کۆتاییهات، بەرگری لە بڕیارەکەی کرد، کە لە یارییەکەدا گۆڕانکاری بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد و بووە هۆکاری تووڕەبوونی، کە لە کاتی دەرچوون لە یاریگەدا تەوقەی لەگەڵ راهێنەرەکەی نەکرد.
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان، گوتی "دانیشاندنی لیۆنێل مێسی بۆ پاراستنی بوو لە پێکان، لە یارییەکانی داهاتووشماندا ئەو جۆرە بڕیارانە دەبن، کە بێگومان زەحمەت دەبن و مشتومڕ دەنێنەوە".
 
ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە، زیاتر گوتی "پرسیارم لە لیۆنێل مێسی کرد بارودۆخت چۆنە، گوتی باشم و ئارامم".
 
پۆچێتینۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەبارەت بە لیۆنێل مێسی، گوتیشی "هەموومان دەزانین کە پاریس سانجێرمان خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی نایابە، لیستەکەمان 35 ناوی تێدایە، بەڵام پێویستە هەندێک بڕیار بدەین، سەبارەت بە لیستی بانگهێشتکراوان بۆ هەر یارییەک یان پێکهاتەی سەرەکی، دەبێت بیر لە بەرژەوەندی تیپەکە بکەینەوە و بۆ هەر یاریزانێک چی بکرێت باشە".
 
ئەو زیاتر گوتی "هەندێجار بڕیارەکان باش دەبن و هەندێجاریش خراپ، بەڵام ئەوە مافی هەر راهێنەرێکە بڕیاربدات، ئێمە لەسەر کورسییەکانی یەدەگ دادەنیشین بۆ بڕیاردان، یاریزانان پێیان رازی بن یان نا".
 
لیۆنێل میسی لە 3 یارییدا کە بە درێسی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامیداون، 2 لە لیگ وەن و یەکێکیش لە چامپیۆنزلیگ، هێشتا هیچ گۆڵ و هیچ ئاسیستی نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە