لاپۆرتا هۆکاری راستەقینەی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل میسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "مێسی کەسێکی ژیرە و لە ئێمە تێدەگات."
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەشداریی لە پۆدکاستێکدا کردووە و لەبارەی رۆیشتنی مێسی لە یانەکە، لە هاوینی 2021 زانیاری نوێی ئاشکرا کرد و گوتی "بارسێلۆنا بەهۆی کێشەی داراییەوە دەیناڵاند، ئێمە توانای دابینکردنی تێچووەکانی گرێبەستی مێسیمان نەبوو، بەهۆی ئەو مەترسییانەی دەکرا یانەکە رووبەڕوویان ببێتەوە."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زۆرماندا بۆ ئەوەی یاریزانەکە بمێنێتەوە، بەڵام نەدەکرا، هەرچەند مێسی رازی نەبوو بڕوات، بەڵام لە بەر بەرژەوەندی یانەکە ئەو بڕیارە درا و بەرژوەندی بارسێلۆنامان خستە پێش باشترین یاریزانی جیهان."
 
یانەی بارسێلۆنا ئێستاش لە کێشەی داراییدایە و بەو هۆیەوە چاوەڕواندەکرێت دەستبەرداری ئیلکای گوندۆگان ببێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی دانی ئۆلمۆ وەکو یاریزانی نوێی یانەکە تۆماربکات و گرێبەستی نوێ ئەنجامبدات.
 
هاوینی ساڵی 2021 بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و دوور لە هەموو پێشبینییەکان لیۆنێل مێسی ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای بەجێهێشت، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر چووە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئێستاش لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی یاری دەکات.
 
پێشتر خوان لاپۆرتا، زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، لە کاتێکی گونجاودا یارییەکی نمایشکاری رێکدەخەن بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە ماڵئاوایی لە مێسی بکەن و رێز لە کاروانی یارییکردنی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە بگرن بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە