ڤیدیۆ؛ دالکورد لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دالکورد
دالکورد
نیشانەکردن دالکورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دالکورد، لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە و ئەگەری هەیە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر یانەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بدرێت.
 
زۆر دوور نا، تەنیا چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر، بە ئاڵای کوردستان و ناوی کوردە، نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی کورد بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا و هەمووان بەیەکەوە تەنیا یەک ناویان لەسەر زاربوو، دالکورد، دالکورد.
 
ئەو یانەیەی لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، سەرجەم ئاستەکانی تۆپی پێی سوێدی بڕی و کورد لە هەموو شوێنێکی جیهان چاوەڕێ بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا و لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا ببینێت، ئێستا لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە و ئەگەری هەیە لە ماوەیەکی زۆر کورتی داهاتوودا یانەکە مایەپووچبوونی خۆی رابگەیێنێت.
 
دالکورد لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدایە، یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، وەرز لە دوای وەرز هەنگاوەکانی بەرەو دواوە خێراتر دەبن، ئێستا یانەکە لە خولی پلە چواری سوێد یاری دەکات و لەو خولەشدا بە خراپترین ئاست و ئەنجامەوە دەردەکەوێت.
 
یانەی دالکورد ئێستا قەرزێکی زۆری لەسەر کۆبووەتەوە و بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یانەکە ملیۆنێک و 152 هەزار دۆلار قەرزارە و یانەکە توانای دانەوەی قەرزەکانی نییە، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوامبێت بەئەگەری زۆرەوە یانەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە دەدات و مایەپووچبوونی خۆی رادەگەیێنێت.
 
نوێنەرە کوردستانییەکەی نێو تۆپی پێی سوێد، بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی تێیکەتووە، بەلێشاو یاریزانەکانی رۆیشتن، ئێستا بە یاریزانی کەم ئەزموون و لاوەوە یارییەکانی ئەنجامدەدات، زۆرینەی یاریزانەکانیش پێشتر ئەزموونی یاری بەهێزیان نەبووە.
 
دالکورد لەم وەرزەدا لە خولەکی پلە چوار سوێد، لە کۆی 17 یاریدا تەنیا یەک بردنەوەی تۆمارکردووە، یانەکە لە پلەی کۆتایی ریزبەندە و خراپترین تیپی نێو خولەکەیە، بەرپرسانی یانەکە دەڵێن هاوکاری نەکرێین، یانەکە خراپتر و خراپتر دەبێت و ئیدی دەکرێت شتێک نەمێنێت بەناوی دالکوردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە