شەڕ کەوتە نێو ئەستێرەکانی ریال مەدرید

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید BMV رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وادیارە هەر لە ئێستاوە کێشەکان لەنێوان ئەستێرەکانی ریال مەدرید دەستییان پێکردووە، بەڵگەش پەیامێکی شۆکهێنەری رۆدریگۆی ئەستێرەی بەرازیلییە، کە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، بەڵام زوو سڕدرایەوە.
 
ناوەڕۆکی پەیامەکە شۆکهێنەر بوو بۆ هاندەرانی یانەی مێرینگێ، چونکە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە کێشەکان لە نێوان ئەستێرەکانی ریال مەدریددا دەستیانپێکردووە.
 
رۆدریگۆی بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی لە رێگەی واتسئاپەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە دەتوانێت قەیرانێک لەنێو ژووری جلگۆڕینی تیپی شاهانەدا هەڵبگیرسێنێت.
 
رۆدریگۆ پەیامەکەی دوای یەکسانبوونی ریال مەدرید و مایۆرکا بڵاوکردەوە، کە یەکەم یاریی یانەکە بوو لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا.
 
ئەو یاریزانە بەرازیلییەی ریال مەدرید، لە پەیامەکەیدا تووڕەیی خۆی لەوە نیشاندا کە تەنیا ناوی ڤینیسیۆس، بێلینگهام و ئێمباپێ دەهێنرێت و ناوەکەی پشتگوێ خراوە، دواتر پەیامەکەی سڕییەوە، کە مشتومڕێکی زۆری لەنێو هاندەرانی ریال مەدرید و تەنانەت یاریزانەکانیشی دروستکرد.
 
نازناوی BMV بە سێکوچکەی بێلینگهام و ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر دراوە، وەک ئەوەی پێشتر بە بەیڵ و بنزیما و کریستیانۆ دەگووترا BBC، ئەمەش رۆدریگۆی تووڕە کردووە، لەبەرئەوەی ناوی ئەو پشتگوێ خراوە، کە بەقسەی خۆی دەبێت پیتی Rـیشی بۆ زیادبکرێت و ببێتە BMVR.
 
ئەمە دەقی پەیامەکەی رۆدریگۆیە:
 
ئەنجامەکەی دوێنێ ئەوە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، بەڵام لە لالیگادا بەهای هەیە و لە کۆتاییدا و دڵخۆشم بەو گۆڵە تۆمارکراوە و گەشەسەندنی تیپەکە.
 
هەفتەی رابردوو باسی هەرسێ یاریزان بێلینگهام و ئێمباپێ و ڤینیسیۆس کراوە، بەڵام دەبێت پیتی Rـیش زیاد بکەن.
 
ئێمە چوار هێرشبەری نایابمان هەیە و تەوای تیپەکەش گەورەن، هەر یەکێکیان لەم تیپەدا گرنگە لە یارییەکاندا، و بەهای خۆیان لەو پێشبڕکێ جیاوازانەدا نیشان دەدەن کە ئێمە تێیدا رکابەری دەکەین.
 
هەفتەیەک پڕ دەبێت لە گوشار و ماندووبوون تا یاریی داهاتوو لە بێرنابیۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە