ئێمباپێ هەڕەشە لە پاریس سانجێرمان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید کێشە بۆ یانەی پاریس سانجێرمان دروستدەکات و کێشەکەشی گەیاندووەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا.
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، سکاڵای لەسەر یانەی پاریس سانجێرمان تۆمارکردووە بەهۆی ئەوەی پارەی یاریزانەکەیان نەداوە و سکاڵاکەشی لە رێگەی لیژنەی یاسایی دەستەی خولی فەرەنساوە تۆمارکردووە.
 
ئەو پارەیەی ئێمباپێ وەکو پاداشت لەلای یانەی پاریس سانجێرمان ماویەتی و وەرینەگرتووە دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ و یاریزانەکە داوای دەکاتەوە.
 
مانگی حوزەیرانی رابردوو، پارێزەری کیلیان ئێمباپێ، ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم بابەتەوە بۆ یانەی پاریس سانجێرمان ناردووە.
 
رۆژنامەی لو مۆندی فەرەنسی دەڵێت "لیژنەی یاسایی خولی فەرەنسا دەستەڵاتی گرتنەبەری رێکارەکانی هەیە بۆ ئەوەی پارەی یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە و پاریس ناچار بکات پاداشتەکانی ئەو یاریزانە بدات، ئەگەر پارەکەش نەگەڕێنێتەوە دەکرێت یانەکە لە گواستنەوەی یاریزانان رابگیرێت."
 
پێویستە بەر لە 28ـی مانگی شوباتی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکانی یوفا هەموو وردەکارییەکانی تەواو بکەن و نابێت هیچ یانەیەک کێشەی نەدانی مووچەی یاریزانانی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە رکابەرییە جیاوازەکاندا بکەن.