یانەی هەولێر لە رێگەی رووداوەوە هاندەرانی دڵخۆش دەکات

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی چارەسەرکردانی کێشەی سامی هومامی، یاریزانی توونسیی راگەیاند و یانەکە دەتوانێت ناوی یاریزانانی نوێ تۆماربکات و سزاکەی لەلایەن فیفاوە هەڵدەگیرێت.
 
سیروان تەها، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر لە توونسەوە میوانی بووڵتەنی وەرزشیی کاژێر 13:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سامان وڵاتژێری پێشکێشی دەکات و گوتی "یانەی هەولێر لە هەموومان گەورەتر و پیرۆزترە، ئێمە ئەوەی دەیکەین لەپێناو یانەی هەولێر و یانەی دایکە، من کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان لە هەولێر گەڕامەوە ماڵەوە و تووشی رووداوێک بوو، جەستەیی و داراییەوە زیانم پێگەیشت، بەڵام ئەمە راینەگرتم و سوور بووم لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە."
 
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە توونس لەگەڵمان بوو و لەگەڵ گەیشتنمان بە وڵاتەکە راستەوخۆ چووم بۆ ئەوەی یاریزانەکە ببینم و کێشەکە بەتەواوی چارەسەربکەین."
 
سیروان تەها زیاتر دەڵێت "بەهۆی ئەوەی بڕەپارەیەکی زۆری لەلا بووە، لە هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و توونس رووبەڕووی لێپێچینەوە و کێشە بووەتەوە و زۆر راگیراوە، بەڵام هیچ چارەسەریەکی دیکەیان نەبووە و دەبووایە پارەکەی بەشێوەی کاش بدەنە ئەو یاریزانە."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی گوتی "بە سامی هومامی  و پارێزەرەکەیم راگەیاندووە، ئەوەی روویداوە ئەگەر هەڵەیەکی کارگێڕی بووبێت، نابێت لەسەر هەموو هەولێر هەژماربکرێت و دەبێت ئێوە هەولێر بە ماڵی خۆتان دابنێنن و هەرکاتێکیش بێن پێشوازیتان لێدەکەین."
 
لەبارەی ئەوەی بیلال عیفە، یاریزانی نوێی یانەی هەولێر کە ئەویش توونسییە، چ رۆڵێکی لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا هەبووە؟ سیروان تەها گوتی "بیلال یەکێکە لەو کەسانەی دەتوانن بە کوردێکی شاری هەولێر دایبنێم، ئەو رۆڵێکی گەورەی هەبووە و لە ساتی یەکەمەوە لەگەڵمان بووە، ئەو کەسێکی ناسراوە لە توونس و هاوکاریی زۆری کردین بۆ ئەوەی لەگەل یاریزانەکە و پارێزەرەکە دابنیشین و کێشەکە چارەسەربکەین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەولێر دەیەوێت لە کام هێڵدا یاریزان بگوازێتەوە؟ ئەندامی دەستەی کارگێریی یانەی هەولێر دەڵێت "ئەوە پلانی راهێنەرە و هەمیشە لەسەرهێڵین کە چ شوێنێک پێویستە بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت، ئێستا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی یاریزانێکی سوپەر بۆ هێڵی ناوەڕاست بگوازینەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سیروان تەها بەڵێندەدات، لەکارکردن بەردەوامبن بۆ ئەوەی یانەکە بگەڕێننەوە سەر رێگەی راست و دڵی هاندەران خۆشبکەن و ناوەستن لە کارکردن بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا تیپێکی رکابەر و بەهێزیان هەبێت و ئێستا بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین ناوی یاریزان تۆماربکەین و دووردەبین لە قەرز و هەموو کێشەیەک.
 
یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، چارەسەرکردنی کێشەی سامی هومامیی راگەیاند، فیفا سزای سەر یانەکەی هەڵگرت و هەولێر دەتوانێت گرێبەستی نوێ بکات و ناوی یاریزانە نوێیەکانیشی تۆماربکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە