ترس لە ریال مەدرید نیشتووە



رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید ترسێکی هەیە لەوەی هەڵەکانی گالاکتیکۆس دووبارە ببێتەوە
 
یانەی ریال مەدرید وەرزێکی مێژوویی بەڕێکرد و توانی سەرکەوتووبێت لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و لالیگا، سەرکەوتنەکانی یانە شاهانەکە بەردەوام بوون و لە مێرکاتۆی هاوینەدا توانی سەرکەوتووبێت لە بەدەستهێنانی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسا.
 
بەڵام یانەکە لە هەمانکاتدا تواناکانی ناچۆ فێڕناندێز و تۆنی کرووسی لەدەستدا کە ساڵانێکە خزمەتی یانەکەیان کردووە، کرووس بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی یانەکە دادەنرا و ئەرکی کۆنترۆڵکردنی ناوەڕاستی یاریگای لە ئەستۆگرتبوو.
 
چەندین ساڵە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ناسراوە بەوەی کە بێدەنگە و کێشەی تێدا نییە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی ئەم وەرزە، میدیاکان باسی ترسی دابەشبوونی ژووری جلگۆڕینەکانیان کردووە و چەند ئاماژەیەکی خراپیشیان خستووەتەڕوو.
 
یەکەم کێشە کە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە لە وەرزی داهاتوودا دوای وازهێنانی کرووس و هاتنی ئێمباپێ، گۆڕینی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیە لە چوار یاریزانەوە بۆ دوو یاریزان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال چۆڵتر دەرکەوێت وەک لە یاریی مایۆرکادا دیاربوو.
 
ئەنچێلۆتی لەوە تێگەیشتووە، بۆیە لە یاریی رابردوودا داوای لە یاریزانەکان کردبوو لە کاتی بەرگریدا بە شێوازی 4ـ4ـ2 رابوەستن، لە کاتی هێرشبردنیشدا یانەکە بە شێوازی 4ـ2ـ4 یاری بکات، بەڵام ئەوە بەشێوەیەکی دروست لە یاریگادا جێبەجێ نەکرا.
 
لە گوتارێکدا لە تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی، سیرخیۆ گۆمێز، رووداوەکانی ئێستای ریال مەدرید بە هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ پاریس سانجێڕمان دادەنێت کاتێک لیۆنێڵ مێسی رووی کردە یانە فەرەنسییەکە، ئەو کاتەی نەیمار، مێسی و ئێمباپێ ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی بەرگری و پاڵەپەستۆ خستنەسەر یانەی بەرامبەر.
 
 بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، یانەی ریال مەدرید هەمان کێشەی هەبوو بەرامبەر یانەی مایۆرکا.
 
یانەی ریال مەدرید سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک ئەستێرەی مێژوویی لە ساڵانی نێوان 2000-2004 کە بە گالاکتیکۆس ناسراون، ئاستی بەپێی پێویست نەبوو و هەردەم جێگای رەخنەبوون، یانەکە نایەوێت بە هەمان رێگادا بڕوات.