ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ و ئەلکاراز گەیشتنە یاریی کۆتایی سینسیناتی

20-08-2023
ئیحسان تاهیر
جۆکۆڤیچ و ئەلکاراز
جۆکۆڤیچ و ئەلکاراز
نیشانەکردن نۆڤاک جۆکۆڤیچ کارلۆس ئەلکاراز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو تێنسزانی یەکەم و دووەمی ریزبەندیی جیهان گەیشتنە یاریی کۆتایی سینسیناتی کراوە و یارییەکە دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی ویمبڵدۆن دەبێت.
 
کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی ئیسپانی لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا بەرامبەر هوبێرت هورکاچ لە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتی سینسیناتی کراوەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
خاوەنی پلە یەکەمی ریزبەندیی باشترینەکانی جیهان لە ساتەکانی گوشاردا بە باشترین شێوە یاریی کرد و بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک یارییەکەی بردەوە.
 
ئەلکاراز کۆمەڵەی یەکەمی بە ئەنجامی دوو شەش دۆڕاند، بەڵام بەهێز گەڕایەوە و کۆمەڵەی دووەم و سێیەمی بە ئەنجامی حەوت شەش و شەش سێ لە هورکاچ بردەوە.
 
ئەلکاراز بە 53 بردنەوە لەم وەرزەدا و شەشەم سەرکەوتنی لەسەریەکی، پلەی یەکەمی لە ریزبەندیی جیهاندا مسۆگەرکرد بەبێ گوێدانە ئەنجامی یاریی کۆتایی سینسیناتی، کە تیایدا رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچی ژمارە دووی جیهان دەبێتەوە.
 
 
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، تێنسزانی سربی بلیتێکی سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی  سینسیناتی ماستەرز بڕی.
 
جۆکۆڤیچ لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی ئەلێکساندەر زڤێریڤی تێنسزانی ئەڵمانی بووەوە و بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
جۆکۆ بەزەحمەت یارییەکەی بردەوە، کە ئەنجامی کۆمەڵەکان حەوت شەش و حەوت پێنج بوون.
 
تێنسزانی سربی لە یاریی کۆتاییدا جارێکی دیکە رووبەڕووی کارلۆس ئەلکارازی ئسپانی و خاوەنی پلە یەکەمی ریزبەندیی باشترینەکانی جیهان دەبێتەوە.
 
یارییەکە دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی ویمبڵدۆن دەبێت، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئەلکاراز نازناوەکەی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە یارییەکەی پێش کۆتایی رۆلاند گارۆس، کە جۆکۆڤیچ لە ئەلکارازی بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە