ناسر خلێفی دەیەوێت ئیمباپێ پەشیمان بکاتەوە

چاپەمەنییە جیهانییەکان لەم رۆژانەدا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، کیلیان ئیمباپێ، پاریس سانجێرمان جێبێڵێت. ماوەی مانگێکە دەنگۆی جۆراوجۆر سەبارەت بە چارەنووسی ئەستێرە فەرەنسییەکە بڵاودەبێتەوە، گوایە ئێمباپێ بە مانەوەی لە پاریس هەست بە ئاسوودەیی ناکات و دەیەوێت ئەزموونی یانەیەکی دیکە لە خولێکی دیکە تاقیبکاتەوە، یان دەگوترێت کیلیان دەیەوێت لەگەڵ یانەیەکی دیکە ئاستبەرزی خۆی بسەلمێنیت و سەرکردایەتی یانەی ریال مەدرید بکات. 

ئێستا بە هاتنی مێسی بۆ یانەی پاریس سانجێرمان، ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەست بە جۆرێک لە ئیرەیی دەکات و ترسی ئەوەی لێنیشتووە، هەموو چاوەکان لەسەر میسی بن و کەمتر سەرنج لەسەر کاریگەری ئیمباپێ بێت.

لەلایەکی دیکەوە زۆربەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن لە ئەگەری رۆیشتنی لە پاریس، بێ دوودڵی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات، چونکە یانە سپی پۆشەکە ساڵانێکە چاوەڕوانی ئەو هەلە دەکات کە گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ واژۆ بکات، ئەگەر بێت و ئەم هاوینەش درێسی مەدرید نەپۆشێ، بێگومان وەرزی داهاتوو بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە دەکات.

رۆژنامەیەکی ئیسپانی باسی نێوەرۆکی دوایین کۆبونەوەی نێوان کیلیان و خلێفی ئاشکرا دەکات و نووسیویەتی: "دووشەممەی رابردوو، کۆبوونەوەکەی نێوان ئیمباپێ و ناسر خلێفی بەبێ ئەنجام کۆتاییهاتووە، چونکە کیلیان داوای لە خلێفی کردووە، ئاسانکاری بۆ بکات، بۆ ئەوەی ئەم هاوینە پەیوەندی بە یانەی مێرەنگییەوە بکات، لە بەرامبەردا ناسر خلێفی داواکەی ئیمباپێی رەتکردووەتەوە".

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "بەرپرسانی پاریس دەیانەوێت هەموو رێگەکانی رۆیشتن لە ئیمباپێ بگرن، چونکە دەیانەوێت جیهان نەیمار، مێسی و ئیمباپێ پێکەوە لە یەک پێکهاتەدا ببینن، بۆیە ناسر خلێفی دەیەوێت، دەرگای رۆیشتنی بەروودا دابخات، چونکە مانەوەی کیلیان کاریگەری لەسەر زیادبوونی سەرچاوەی داهاتی یانە فەرەنسییەکە دەبێت".

رۆژنامەکە تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی ئەگەری رۆیشتنی ئیمباپێ، چونکە مانەوەی دەبێتە ئاسانکاری زیاتر بۆ یانەکە بۆ ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ بدەن، بۆیە سەرۆکی یانەکە سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەری دەرچوونی ئەستێرە تەمەن 22 ساڵییەکە، سەخت بکات و کۆسپ لەبەردەم هەنگاوەکانیدا دروست دەکات.

رۆژنامە ئیسپانییەکە باسی ئەو مەترسییانە دەکات کە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی ئیمباپێ لەسەر یانەکە دروستی دەکات، چونکە ئەگەر بێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێ نەکاتەوە، هاوینی داهاتوو بێ بەرامبەر دەتوانێت، هەر یانەیەک خۆی مەبەستی بێت گرێبەستی لەگەڵ دەکات، ئەوکات پاریس لە رووی داراییەوە هیچی دەستناکەوێت و ناشتوانێ رێگری لێبکات. 

بڕیاری رۆیشتنی ئیمباپێ ئەو وەبەرهێنانەی یانەکە ئیشی بۆ کردووە، زەبرێکی گەورەی بەردەکەوێت، چونکە جگە لە کاریگەرییەکەی وەکو ئەستێرە، رەمزی فەرەنسییەکانیشە لە یانەکەدا و کاریگەری لەسەر زیادبوونی ژمارەی هاندەرانی پاریس هەیە. 

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتڤۆ باسی هەنگاوەکانی داهاتووی بەرپرسانی پاریس سانجێرمان دەکەن، کە ناسر خلێفی بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوو ئۆفەرێکی نوێ پێشکێشی ئیمباپێ بکات، بۆ ئەوەی بە مانەوە لە یانەکە رازیی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت، پێشنیازەکانی بەرپرسانی پاریس چییە، چونکە لە هەنگاوی یەکەمدا یانەکە بەڵێنیدابوو مووچەکەی ئیمباپێ، هاوتای مووچەی ساڵانەی نەیمار بکاتەوە، بەڵام هەر زوو ئەم ئۆفەرە لەلایەن ئیمباپێ رەتکرایەوە.


لە کاتی پێشکێشکردنی لیۆنێل مێسی وەکو یاریزانی نوێی پاریس سانجێرمان، ناسر خلێفی گوتی: "ئیمباپێ هیچ بیانوویەکی نییە بۆ جێهێشتنی یانەکە، چونکە ئێستا یانەکی گەورە و بەهێزمان  بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان دروست کردووە".

لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا رۆژنامەی موندۆ باسی لێکەوتەکانی رۆیشتنی ئیمباپێ دەکات و نووسیویەتی: "ئەگەر دواجار ئیمباپێ بڕیار بدات کە لە پاریس بڕوات، تەواوی بەرپرسیارییەتی رۆیشتنەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆی، چونکە خولی فەرەنسی و وڵاتەکەی و هاندەرانی لە یانەکەی جێدێڵێت، بەتایبەت ئەو یانەیەی زۆرترین گرەوی لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە دەکرد و سەرۆکی یانەکە پەنای بردووەتە بەر هەموو ئەو هۆکارانەی کە وا دەکەن ئیمباپێ هیچ بیانوویەکی نەمێنیت، لە باخچەی شازادەکان بڕوات کە پێشتر دەیگوت، من تیپێکم دەوێت، توانای کێبڕکێی نازناوەکانی هەبێت.