" مێسی دەچێتە یانەکەی بێکهام "

20-08-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دوابەدوای یەکلاکردنەوەی پرسی راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا و دانانی رۆناڵد کۆمانی هۆڵەندی، ئێستا گەرمترین مژار مانەوە یان رۆیشتنی لیۆنێل ئاندرێس مێسییە لە یانە کەتەلۆنییەکان.

رۆناڵد کۆمانی راهێنەری نوێی بارسا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا دڵنیایی نەدا کە مێسی لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە یان نا، ئەو باسی لەوەکرد کە حەزدەکات لیۆ لەگەڵیبێت و ئەو کوڕەی رۆزاریۆ بەشێکە لە پرۆژەکەی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە مێسی هێشتا تووڕەیە و بڕیاری مانەوەی نەداوە، هەڵوێستی روون نییە و خۆی یەکلانەکردووەتەوە.

میدیاکانی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا بەتایبەت، دڵنیانین لە مانەوەی مێسی، بەپێی دوایین راپۆرت کە باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەکات لە نێوان کەسوکارەکەی مێسی و دەیڤد بێکهامی ئەفسانەی پێشووی ئینگلتەرا و خاوەنی یانەی ئینتەرمیامیی ئەمریکی، راپۆرتەکە دەڵێت " باوکی مێسی پرسیاری رێوشوێنەکانی پەیوەندیکردنی کوڕەکەی بە یانەکەی بێکهامەوە کردووە و باسیان لە چەند بابەتێكی گرنگ کردووە کە پەیوەستە بە داهاتووی مێسییەوە، لەوانە لایەنی دارایی و ژیانی ئەمریکا و رکابەرییەکانی خولی ئەو وڵاتە".

راپۆرتەکە ئاماژەشی بەوەکردووە کە زەحمەتە لیۆ لە یانەیەکی دیکەی ئەوروپا یاری بکات، چونکە ئەو دەیەوێ کاتێک لە بارسێلۆنا دەڕوات، ئەو چآوە میدیاییەی کە ئێستا لەسەریەتی نەمێنێت یانیش ئەو پەستانە زۆرەی کە هەموو وەرزێک دەخرێتەسەری کەمببێتەوە و کۆتاییەکانی کاروانی وەرزشیی خۆی دوور لە ئەوروپا بەسەرببات.

ئەمە لە کاتێکدا کە ناوی مێسی بە چەندین یانەی ئەوروپاوە بەستراوە، لەوانە ئینتەرمیلانی ئیتالی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی.



هەموو ئەو مقۆمقۆیانە و ئەو پرسیارانەی کە رۆژانە هاندەرانی بارسا و لیۆ دەیکەن سەبارەت بە مانەوە یان رۆیشتنی ئەو یاریزانە، ئەمڕۆ یان سبەی لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ماریا بارتۆمیۆی سەرۆک و رۆناڵد کۆمانی راهێنەر و لیۆنێل مێسیی کاپتندا یەکلادەبێتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا کۆمان پرۆژەکەی خۆی بۆ مێسی شیدەکاتەوە، ئەگەر بە دڵیبێت، ئەوا دەمێنێتەوە، ئەگەریشنا ئەوا بڕیاری رۆیشتن لەو یانەیە دەدات کە هەموو تەمەنی وەرزشیی خۆی تێدا بەسەربردووە.

پێشتر پرۆژەیەک هەبوو کە لە میدیاکاندا دەنگۆی زۆری نایەوە، ئەویش پەلکێشکردنی هەردوو سوپەرتاری تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بوو بۆ یەک یانە کە ئەویش یانەکەی بێکهام بوو.

دوای شکستە گەورەکەی بارسا بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە 2 - 8 پێیدۆڕا و لە قۆناخی هەشتەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاریدا گۆڕانێکی ریشەیی لە تیپەکەیدا بکات و یەکەم بڕیاریشی دەرکردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر و دانانی رۆناڵد کۆمانی هۆڵەندی بوو لە شوێنی, بڕیاریشیانداوە چەند یاریزانێکی سەرەکی لە یانەکە دووربخەنەوە و دەستبەرداریان ببن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە