بەفەرمی بڕیاردرا یارییەکانی عێراق لە بەسڕە بکرێن


رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا) بڕیارییدا، یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی ئاسیا لە بەسڕە بەڕێوەبچن.

عەبدولخالق مەسعود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە رووداوی گوت، فیفا بڕیاری بەڕێوەچوونی یارییەکانی عێراقی لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022 و جامی ئاسیای 2023 بە ئێمە راگەیاندووە و بەفەرمی یارییەکان لە بەسڕە بەڕێوەدەچن.

مەسعود دڵخۆشی خۆی بەرامبەر ئەو بڕیارە پێشاندا و گوتی، ئەمە هاوکارێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنەکاندا ئاستێکی بەرز پێشکەشبکات.



بڕیاری فیفا بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی عێراق لەنێو خاکی خۆیدا، دوای ئەوە دێت کە لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیا، شاندێکی فیفا سەردانی شارەکانی هەولێر، کەربەلا و بەسڕەی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنی و یاریگەکانی عێراق.

لەو نامەیەدا کە فیفا ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی کردووە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە هاتووە، فیفا دوای ئەوەی لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی ئەمنی و یاریگەکانی، هەولێر، کەربەلا و بەسڕە کرد بڕیارییدا ئابڵۆقەی وەرزشی سەر یاریگەکانی عێراق لەو سێ شارە هەڵبگرێت، یارییەکانی عێراقیش لە پاڵاوتنەکاندا لە یاریگەی بەسڕە بەڕێوەدەچن.



یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی ئاسیا، رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن، عێراق لە کۆمەڵەی سێیەم بەرامبەر بەحرەین، کەمبودیا، ئێران و هۆنگ کۆنگ یارییدەکات.