سەرۆکی یانەی بایرن میونشن: ئیتر رێز لە بارسیلۆنا ناگرم


رووداو - هەولێر

سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هێرشی تووند دەکاتە سەر یانەی بارسێلۆنا و یواخیم لۆفیش رەخنە لە دێمبلی دەگرێت لەسەر هەوڵەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە فەرەنسییە بۆ ریزی یانە کەتەلۆنییەکە.

ئۆلی هۆنێس  سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی یۆرۆ سپۆرت هێرشی کردە سەر یانەی بارسێلۆنا و هەوڵەکانی یانەکەی بۆ گواستنەوەی عوسمان دێمبلی یاریزانی یانەی دۆرتموند بە بێ رێزی وەسف کرد و رایگەیاند، ئیتر من رێزی یانەی بارسێلۆنا ناگرم بەهۆی ئەوەی یاریزانان ناچار دەکات لە راهێنان و یارییەکانی یانەکەیان یاخیبن.

لەلایەکی دیکەوە یواخیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا رەخنەی لە دێمبلی گرت سەبارەت بەو هەڵس و کەوتانەی بەرامبەر یانەکەی دەیکات لە پێناو گەیشتنی بە یانەی بارسێلۆنا و رایگەیاند، دۆرتموند ئەوی پێگەیاند ناکرێ بەرامبەری بێ ئەمەک بێت.

بارسێلۆنا بۆ جێگرتنەوەی نەیمار داسێلڤا هەوڵی زۆریداوە بۆ کڕینی دێمبلی و ئامادەیە 85 ملیۆن یۆرۆ بەو یاریزانە بدات، بەڵام یانەکەی داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لەکاتێک ئەو یاریزانەی بە 15 ملیۆن یۆرۆ لە رینی فەرەنسیەوە کڕی بوو.