سینسیناتی...نۆڤاك و رۆبریدۆ براوەبوون

رووداو – هەولێر

لە پاڵەوانیەتیی سینسیناتی ماستەرز هەریەکە لە نۆڤاک جۆکۆڤیچی سربی و تۆمی رۆبریدۆی ئیسپانی خۆیان گەیاندە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکە.

لە قۆناخی دووەمی پاڵەوانیەتییەکەدا جۆکۆڤیچ رووبەڕووی پینۆ پێری فەرەنسی بووەوە و یارییەکەی بە 2-0 کۆمەڵە بردەوە، لە کۆمەڵەی یەکەمدا نۆڤاک کەمێک زەحمەتی بینی و کۆمەڵەکەی بە ئەنجامی 7-5 بردەوە، بەڵام لە کۆمەڵەی دووەمدا پۆلێنکراوی یەکەمی جیهانی دەستی بەسەر یارییەکەدا گرت و کۆمەڵەی دووەمیشی بە ئەنجامی 6-2 لێ بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانیتییەکە.

لەلای خۆیەوە تۆمی رۆبریدۆ سەرکەوت بەسەر سام کوێری ئەمەریکی، یارییەکە لە کۆمەڵەی سێیەمدا بە هۆی بارانبارینەوە راگیرا، بەڵام دوای گەڕانەوە تۆمی یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 کۆمەڵە بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش 6-1، 5-7 و 6-3 بوو.

لە قۆناخی سێیەمیشدا جۆکۆ رووبەڕووی دەیڤد گۆفینی بەلجیکایی دەبێتەوە و رۆبریدۆش بەرامبەر تۆماس بێردیچی چیکی دەوەستێتەوە.