عەلی عەدنان چووە خولی پلەیەکی سعودی

رووداو هەولێر

یانەی نەجمەی سعودی، ئاشکرایکرد بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ عەلی عەدنانی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق واژۆکردووە.
 
عەلی عەدنان، یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی عێراق و ساڵانێکی زۆر لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراق یاریکردووە، لەدایکبووی 1993ـی شاری بەغدایە و لە ماڵباتێکی وەرزشی پێگەیشتووە.
 
ئەم ئەستێرەیە دوای تەواوبوونی کاروباری گرێبەستەکەی و پەیوەندیکردنی بە یانە سعودیەکەوە، ئێوارەی دوێنێ هەینی گەشتی وڵاتی میسری کرد، بۆ ئەوەی بەشداری کەمپی راهێنانی ئەو یانەیە لەو وڵاتە بکات.
 
عەلی عەدنان، ئەستێرەی بەنێوبانگی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "پەیوەندیم بە یانەی نەجمەی سعودی کردووە و پێموایە لەم قۆناخەدا پێویستە لە خولی سعودی یاری بکەم، دەستم بەراهێنان کردووە و ئاسوودەم".
 
ئەستێرە عێراقییەکە ساڵی 2012 بەشداریکرد لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ئاستی لاوان لە ئیمارات و میدالیای بڕۆنزی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بردەوە، لە 2013ـدا خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی کیشوەری ئاسیای پێدرا.
 
عەدنان زیاتر روونیکردەوە "دەمەوێت ئاستێکی بەرز لە ریزی یانە نوێیەکەم پیشانبدەمن، کە گرێبەستەکەم لەگەڵیان بۆ ماوەی وەرزێکە، بەشێوەیەک نمایشی راستەقینەی پێشکەوتووی تۆپی پێی عێراق بکەم".
 
یاریکردنی لە هەڵبژاردەی یەکەم وێستگەیەکی گرنگی ژیانی عەلی عەدنان بوو، وەک ئەستێرەیەکی پیشەگەر لە 2015 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئۆدێنێزی ئیتاڵی واژۆکرد و خاوەن گۆڵێکە لە خولی ئیتاڵی، دواتر روویکردە خولی ئێرانی لە ریزی یانەی مەس رەفسەنجان یاریکرد، بەڵام بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و ماڵئاوای لەو یانەیە کرد.
 
هەر لە ژیانی پیشەگەریدا عەلی عەدنان لە ریزی یانەی رۆبن کازان لە خولی رووسیا یاریکردووە، لە خولی تورکیش یاری بۆ تشایکۆر ریزا سپۆر کردووە.
 
یانەی نەجمە لە شاری عنێزەی سعودیەیە، لە 1960 دامەزراوە و لە ئاستی خولی پلەیەکی وڵاتەکەی یاریدەکات، یاریگەی سەرەکی یانەکە لە شاری عنێزەیە و شوێنی 3 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، وەزارەتی وەرزش و لاوانی سعودیە پاڵپشتی دارایی یانەکە دەکات.