پادیلای خۆشەویستی یامال کێیە و چ کارەیە؟ کێن جنێوی پێدەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای درەوشانەوەی لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هاندەرانی ئەستێرەی لاو، لامین یامال چیدی ئارەزووی هەڵسەنگاندنی ئاستە نایابەکەی و بەراوردکردنی بە ئەفسانەیەکی تۆپی پێی وەک لیۆنێل مێسی ناکەن، بەڵکو زیاتر بەپەرۆشن بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی بزانن.
 
دەرکەوتنی یامال لەگەڵ کچێکی گەنج لە ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا وایکرد هەمووان لەبارەی ناسنامەی ئەو کچە جوانە پرسیار بکەن.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەو کچە ناوی ئەلێکس پادیلایە و تەمەنی 17 ساڵە و خوێندکارە و لە بارسێلۆنا دەخوێنێت. نزیکەی ملیۆنێک فۆڵۆوەرسی لە تیک تۆک هەیە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، پادیلا هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام داخستووە، ئەوەش دوای ئەوەی قسە و باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یامال بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵآوبوونەوە.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، دەشڵێت "پادیلا ئامادەی سەرجەم یارییەکانی ئیسپانیا لە یۆرۆدا بووە، پێش ئەوەی لە ئاهەنگەکانی کۆتایی نازناوەکەدا بە درێسێکی ژمارە 19ـی ئیسپانیاوە دەربکەوێت.
 
رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە یۆرۆدا پادیلا وێنەی لەگەڵ چەند کەسوکاری یامالدا گرت، قسەوباس لەسەر پەیوەندییەکەیان زیادیکردووە.
 
ئەو دەنگۆیانە دوای ئەوە زیادتریش بوون کاتێک بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بۆیان دەرکەوت کە کە یامال لە تیک تۆک تەنیا دوو ئەکاونتی فۆلۆ کردووە و یەکێکیان ئەکاونتی پادیلایە.
 
هەندێک راستی شۆکهێنەر لەسەر پادیلا:
 
ــ ئەلێکس پادیلا ئەو کچە جوانەیە کە یامال وایلێکرد لە سۆشیاڵ میدیا رابکات.
 
ــ پادیلا بەهیچ شێوەیەک ناسراو نەبوو تاوەکو لەگەڵ یامال دەرکەوت.
 
ــ ئێستا یەکێکە لە ناسراوترین ناوەکان لە ئیسپانیا، کە هەمووان بەدوای ناسنامە و زانیارییەکانیدا دەگەڕێن و داوای ناسینی دەکەن.
 
ــ ئەگەر بەدوای ئەکاونتەکانی پادیلادا بگەڕێی لە سۆشیاڵ میدیادا هیچت دەستناکەوێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە لە کاتی یۆرۆی 2024ـدا هەمووانی داخست، یان ناوی هەندێکیانی گۆڕی بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە هەزاران کەس لە رێگەی کۆمێنت و پەیامەوە جنێو و قسەی ناشیرینی پێدەڵێن و داوای لێدەکەن لەگەڵیاندا بچێتە دەرەوە.
 
ــ بەپێی لێکدانەوەی رۆژنامەکان، زۆربەی ئەوانەی جنێو و قسەی ناشیرینی پێدەڵێن، لە رقی لامین یامالە، واتا ئەوانەن کە دژی بارسێلۆنان، تا راددەیەکیش ئەوانەی دژی هەڵبژاردەی ئیسپانیان، بەڵام زۆربەیان هاندەرانی ریال مەدریدن، بەقسەی رۆژنامەکان.
 
ــ پادیلا بەر لەوەی ئەکاونتەکانی لە ئینیستاگرام و تیک تۆک دابخات، دوای ئەوەی لەگەڵ یامال دەرکەوت، لە چەند کاژێرێکدا ژمارەی فۆلۆوەرسەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادیکرد، تەنانەت تیک تۆکەکەی نزیککەوتەوە لە ملیۆن فۆلۆوەرس.
 
ــ سەرەتا بەپێی لێکدانەوەی پسپۆڕانی رووخسار، وادەزانرا کە تەمەنی ئەو کچە زۆر لە مێردمنداڵە ئیسپانییەکە گەورەترە، بەڵام دواتر هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دوای بەدواداچون، رایانگەیاند کە پادیلا ئەوەندە گەورەتر نییە لە یامالی تەمەن 17 ساڵان و گوتیان "تەمەنی پادیلا 19 ساڵە".
 
ــ خۆی خوێندکارە و لە بارسێلۆنا دەخوێنێت، بەڵام سروشتی کارەکەی و ئەو کار و شتانەی کە حەزیان لێدەکات هێشتا بە نادیاری ماونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو کچەوە بزانرێن.