ماڵدینی نوێ لە ئارسیناڵ نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ریکاردۆ کالافیۆری، بەرگریکاری ئیتاڵی و یانەی بۆلۆنیا نزیکدەبێتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئینگلتەرا، هەردوو یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و بۆلۆنیا لەسەر گواستنەوەی ریکاردۆ کالافیۆری، بەرگریکاری یانە ئیتاڵییەکە بۆ ریزەکانی یانە لەندەنییەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەلایەن ئارسیناڵەوە 40 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە دەکەوێت، جگە لەوەش 5 ملیۆن یۆرۆ وەکو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا جێگەی دەکرێتەوە و لە ئەگەری فرۆشتنی یاریزانەکەش لە داهاتوودا، پێویستە ئارسیناڵ بڕەپارەیەک لەبەرامبەر فرۆشتنی یاریزانەکە بداتە یانەی بۆلۆنیا.
 
هەنگاوێکی دیکە ماوە بۆ تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستی یاریزانەکە، ئەویش رێککەوتنی نێوان هەردوو یانەی بۆلۆنیا و بازلە، لەسەر مەرجی فرۆشتنەوەی 50٪ـی یاریزانەکە، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە بەر لە چوونی بۆ بۆلۆنیا لە یانەی بازل یاریی دەکرد و پێویستە بۆلۆنیا بەشێکی پارەی فرۆشتنەکەی بداتە ئەو یانەیە سویسرییە.
 
ریکاردۆ کالافیۆری، بەرگریکارێکی 22 ساڵە، لە یۆرۆی 2024 بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، چەند یانەیەکی دیکە داوای ئەو یاریزانە دەکەن، بەڵام خەونی ریکاردۆ یارییکردنە بۆ یانەی ئارسیناڵ.
 
یانە لەندەنییەکە دەیەوێت هەرچی زووە گرێبەستی یاریزانەکە تەواو بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە رکابەریکردن لەگەڵ یانە گەورەکان بپارێزێت.