پێکان نەبووایە مێسی مێژوویەکی پڕشنگدارتری دەبوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسانەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی، کە ئێستا لە تەمەنی 37 ساڵیدایە، هیچ نەماوە نەیباتەوە، ئەو خاوەنی زۆرترین نازناوی بەکۆمەڵە لە مێژوودا، کە 45 نازناوی بردووەتەوە، هەروەها خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرە، کە 8 جار بەدەستیهێناوە، ئەمانە هەمووی سەرەڕای ئەوەی کە بەدرێژایی کاروانی وەرزشیی خۆی تووشی زۆر پێکان بووە و ئەگەر ئەو پێکانانە نەبووانایە بەدڵنیاییەوە مێژوویەکی پڕشنگدارتری دەبوو.
لیۆنێل مێسی، کە لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی بەردەوامە لە یاریکردن، دوایین پێکانی لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمەریکای ئەمساڵدا بوو، بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی تۆپ بۆ نێو ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر، تووشی پێکان بوو لە گۆزینگی پێی چەپی.
تاتا مارتینیۆ راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی رایگەیاند، لیۆ لانیکەم لە دوو یاریی داهاتووی یانەکە بێبەش دەبێت.
لێرەدا بەباشی دەزانین ئەو هەموو پێکانانە بیر خوێنەرانمان بهێنینەوە، کە لیۆ مێسی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا تووشیان بووە و بەهۆیانەوە ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە:
ــ لە وەرزی 2005/2006 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 18 یاری دوورکەوتەوە، 84 رۆژ لە یاریکردن بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2006/2007 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 19 یاری دوورکەوتەوە، 87 رۆژ یاری نەکرد.
ــ لە وەرزی 2007/2008 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 15 یاری نەکرد، 63 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ــ لە وەرزی 2008/2009 تووشی هیچ پێکانێک نەبوو، و لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە هیچ یارییەک دوورنەکەوتەوە، لە هەموو یارییەکانیدا بەشداری کرد.
ــ لە وەرزی 2009/2010 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە دوو یاری دوورکەوتەوە، 8 رۆژ لە یاریگاکان بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2010/2011 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 2 یاری نەکرد و تەنیا 7 رۆژ لە یاریکردن بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2011/2012 باشترین بوو بۆ مێسی، لە رووی یاریکردنەوە، کە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە هیچ یارییەک دوورنەکەوتەوە، لە هەموو یارییەکان بەشداری کرد و ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد، کە 91 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکرد.
ــ لە وەرزی 2012/2013 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە 7 یاری دوورکەوتەوە، 43 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ــ لە وەرزی 2013/2014 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە 17 یاری دوورکەوتەوە، 83 رۆژ یاری نەکرد.
ــ لە وەرزی 2014/2015 لەگەڵ یانەی بارسیلۆنا لە هەموو یارییەکاندا بەشداری کرد، لەبەرئەوەی تووشی هیچ پێکانێک نەبوو.
ــ لە وەرزی 2015/2016 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە 18 یاری دوورکەوتەوە، 75 رۆژ نەیتوانی یاری بکات.
ــ لە وەرزی 2016/2017 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 7 یاری نەکرد، 26 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ــ لە وەرزی 2017/2018 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە دوو یاری دوورکەوتەوە، 8 رۆژ لە یاریگاکان بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2018/2019 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە 6 یاری لەگەڵ بارسێلۆنا دوورکەوتەوە، 25 رۆژ بێبەش بوو لە یاریکردن.
ــ لە وەرزی 2019/2020 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە 7 یاری دوورکەوتەوە، 48 رۆژ لە یاریگاکان بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2020/2021 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە دوو یاری دوورکەوتەوە، 12 رۆژ نەیتوانی یاری بکات.
ــ لە وەرزی 2021/2022 لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە 5 یاری دوورکەوتەوە، و 20 رۆژ لە یاریگاکان بێبەش بوو.
ــ لە وەرزی 2022/2023 لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان 4 یاری نەکرد، 10 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ــ لە 2023 لەگەل یانەی ئینتەرمەیامی لە 4 یاری دوورکەوتەوە، 16 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ــ لە 2024ـەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە دوو یاری دابڕاوە و دیارنییە ەکی دەگەڕێتەوە.