ماڵدینی باشترینی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ هەڵدەبژێرێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاولۆ ماڵدینی لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پاۆلۆ ماڵدینی، بەڕێوەبەری تەکنیکی پێشووی یانەی میلانی ئیتاڵی ئاشکرایکرد، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی ئەو ئەستێرەیەی بۆ ریزەکانی میلان داوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە رکابەرە پورتوگالییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترە.
 
ماڵدینی لەبارەی بەراوردکردنی نێوان هەردوو ئەفسانەی تۆپی پێ، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گوتی "من مێسی باش دەناسم و رۆناڵدۆش باش دەناسم، کە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا خەڵاتی باڵۆن دۆریان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە".
 
ئەفسانەکەی ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوەشکرد "بە بۆچوونی من مێسی سەرکەوتووترە، بەڵام رۆناڵدۆش یاریزانێکی گەورە و بەتوانایە، بەڵام من مێسیم پێ باشترە".
 
هەروەها گوتی "دەرفەتێکم بۆ رەخسا بەرامبەر یاریزانە گەورەکان یاری بکەم، پێموایە باشترینیان بێگومان مارادۆنا بوو کاتێک یاری بۆ ناپۆلی دەکرد و رۆناڵدۆی دیاردەش کاتێک یاری بۆ ئینتەرمیلان دەکرد، بەڵام من بەرامبەر مێسی یاریم نەکردووە".
 
ماڵدینی ئاشکراشی کرد "کاتێک ساڵی 2020 هەواڵی ئەوەم خوێندەوە کە مێسی لەوانەیە بچێتە ئینتەرمیلان، زۆر تووڕە بووم. دواتر بۆ ماوەی 10 رۆژ هەوڵمدا مێسی ببەمە میلان، بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت کە مەحاڵە".
 
یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی مێژوو، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "پێموایە یاریزانێکی وەک ئەو دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ هەمووان، تەنانەت ئەگەر تەمەنیشی گەورە بووبێت ئەو پیاوە توانای ئەوەی هەیە ئەو کارانە بکات کە هەمیشە سەرسوڕهێنەرن".
 
مێسی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییەوە کرد.
 
مێسی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ بردنەوەی کۆپا ئەمریکای 2024، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر کۆڵۆمبیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە