ڤیدیۆ؛ فیفا بە رێگەدان بە بەشداریکردنی یاریزانێک لە مۆندیالدا هەرا دەنێتەوە

20-07-2023
ئیحسان تاهیر
باربارا باندا
باربارا باندا
نیشانەکردن باربارا باندا مۆندیالی خانمان 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیفا رێگەی بە باربارا باندا کاپتنی هەڵبژاردەی خانمانی زامبیا داوە بەشداری مۆندیالی خانمان بکات، کە یارییەکانی لە ئوسترالیا و نیوزلەندا دەستیان پێکردووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە تێست و پشکنینی رەگەزی شکستی هێنابوو.
 
بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، باندا کە لە یاریی دۆستانەی زامبیا بەرامبەر ئەڵمانیا دوو گۆڵی تۆمارکرد و بە ئەنجامی 3-2 بردیانەوە، رێگری لێکرا بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا 2022ـی خانماندا بکات، دوای ئەوەی لە پشکنینی رەگەزیدا دەرکەوت کە هەڵگری رێژەیەکی زۆری هۆرمۆنی تستوستيرونی تایبەت بە پیاوانە.
 
ئەوەی وایکردووە فیفا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە ئەوەیە کە رێگەی بە باندا داوە بەشداری لە مۆندیالی خانماندا بکات، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەی فیفا رێگەی بە هەڵبژاردە نیشتمانییەکان داوە تاقیکردنەوەی تایبەتی ناوخۆیی ئەنجام بدەن و زامبییەکانیش وایان نیشانداوە کە باندا مافی بەشداریکردنی هەیە.
 
ئەم هەنگاوەی فیفا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرامبەر زامبیا، کە باربارا باندا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و دوای یارییەکە میدیاکانی ئەڵمانیا ئەو بابەتەیان ورووژاندەوە و رەخنەی زۆریان لە فیفا گرت.
 
باندای تەمەن 23 ساڵ، کە لە هێڵی هێرشبردندا یاری دەکات، یاریزانی یانەی شەنگەهای شێنگلی چینییە، لە وەتەی یەکەم یاریی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی 2016ـەوە 30 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی خانمانی زامبیا تۆمارکردووە. ئەوە دەڵێت ئامادەیە خزمەتی وڵاتەکەی بکات و ئەنجامی باش لەم مۆندیالەدا بەدەسبێنێت.
 
باربارا باندا، دەڵێت "من و هاوڕێکانم بە باشی ئامادەی بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز لەم بۆنە جیهانییەدا پێشکێش بکەین ئاڵای زامبیا بەرز رابگرین".
 
باربارا خێراییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و لە رێگەی هێرشی هەڵگەڕاوەدا چەندین گۆڵی کردووە و ئێستا هیوای زامبییەکانە لەم مۆندیالەدا. کە ئەوان دەڵێن تیپێکی بەهێزمان هەیە و ئامانجی گەورەمان هەیە.
 
بروس مواپێ، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی زامبیا، دەڵێت "ئامادەین رووبەڕووی هەر تیپێک ببینەوە، لە گرووپەکەماندا ئەو تیپانەی بەرامبەر ئێمە یاری دەکەن هەموویان پێشتر بەشداریان لە مۆندیالدا کردووە. تەنیا ئێمە بۆ یەکەمجارە بەشداری دەکەین. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێمە تەنیا بۆ بەشداریکردن لێرەین، ئێمە  بۆ رکابەری لێرەین، بێگومان ئامانجمان ئەوەیە بگەینە قۆناخەکانی یەکلاکەرەوە".
 
سەرەڕای بەشدارینەکردنی باندا لە جامی ئەفریقای 2022، بەشداری لە یارییەکانی ئۆڵێمپیادی 2020ـدا کرد و بە تۆمارکردنی هاتریک بەرامبەر هۆڵەندا مێژوویەکی تۆمارکرد، کە بێگومان دەیەوێ لەم مۆندیالەشدا مێژوویەکی دیکە تۆماربکات.
 
باندا، کە لە لوساکای پایتەختی زامبیا لەدایکبووە، لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا لەگەڵ کوڕان یاری تۆپی پێی کردووە، بەو پێیەی لەو ئەکادیمیایەی کە خوێندوویەتی تیپێکی کچانی نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە