ئوسترالیا یەکەم یاریی مۆندیالی خانمانی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئوسترالیا یەکەم یاریی لە مۆندیالی خانماندا بردەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێرلەندا بەدەستهێنا.
 
ئوسترالیا لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە سیدنی و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 75 هەزار و 700 هاندەر بەرامبەر ئێرلەندا یارییکرد و هاندەرانی هەڵبژاردەکە بە دڵخۆشییەوە لە یاریگە چوونە دەرەوە.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا، لە نیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ ئوسترالیا هەژمارکرا و لە خولەکی 52 ستیفانی کاتلێی گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و کەنگارۆی پێشخست.
 
دوای ئەم ئەم گۆڵە ئێرلەندا گوشاری زۆری کردە سەر گۆڵی ئوسترالیا، بۆ ئەوەی ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ سوود بوو و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی ئوسترالیا کۆتاییهات و میوانداری مۆندیال لە یەکەم یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ئوسترالیا و ئێرلەندا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا یارییدەکەن، یاریی داهاتووی ئوسترالیا بەرامبەر نەیجیریایە و ئێرلەنداش رووبەڕووی هەڵبژاردەی خانمانی کەنەدا دەبێتەوە.