ئەمڕۆ دەستیپێکرد.. مۆندیالی خانمان ریکۆردێک تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کاتێک دەبیستیت کە فرۆشی بلیتی پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێی نێودەوڵەتی پێش دەستپێکردنی، یەک ملیۆن بلیتی تێپەڕاندووە، لەوانەیە ئاسایی دەرکەوێت، چونکە هەوادارەکانی خوویان بە بینینی ژمارەی پێوانەیی ئامادەبوون لە هەر وەشانێکی نوێی پاڵەوانێتییەکاندا گرتووە، وەک مۆندیال یان یۆرۆ بۆ پیاوان. بەڵام کاتێک دەزانن مۆندیالی ئافرەتان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستی پێکرد، فرۆشی ملیۆنێک و 300 هەزار بلیتی تێپەڕاندووە، ئەمە شتێکی سەرجڕاکێشە. 
 
بەگوێرەی ئاماری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ، ژمارەی بلیتی فرۆشراوی مۆندیالی 2023 بۆ خانمان لە کۆی گشتی بلیتی مۆندیالی 2019ی فەرەنسا زیاترە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پاڵەوانێتییەکە کە لەلایەن ئوسترالیا و نیوزلەندا میوانداری دەکرێن، بڕیارە زۆرترین ئامادەبووی یارییە وەرزشییەکانی ئافرەتانی هەبێت لە مێژوودا.
 
هەر بۆیە ئێمە لەبەردەم رووداوێکی وەرزشی گەورەداین کە جێگەی سەرنجی جیهانە، هەروەها ژمارەی ئەو بلیتانەی کە فرۆشراون رەنگدانەوەی پەرەسەندنی تۆپی پێی ئافرەتانە، ساڵ لە دوای ساڵ ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەکان لە هەڵکشاندایە، بینەری زیاتر لە خۆیان کۆدەکەنەوە و دەبنە جێی سەرنجی هەوادارانی تۆپی پێ، گەواهیدەری ئەمەش یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە یاریگەی ئایندۆن لە هۆڵەندا، لە نێوان بارسێلۆنا و ڤۆڵفسبۆرگدا بوو، کە هەموو ئەو بلیتانەی کە پێشکەش کرابوون فرۆشران، کە بە زیاتر لە 34 هەزار و 100 بلیت خەمڵێندرا بوو. 
 
ئێستا کە مۆندیالی ئافرەتان بۆ ماوەی 32 ساڵە بەردەوامە، قاڵبی خۆی وەرگرتووە، ئەمساڵ ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیالەکە زیادکراون بۆ 32 تیپ، واتا هەشت هەڵبژاردە لە مۆندیالی رابردوو زیاتر، ئەمەش ژمارەی یارییەکان زیاتر دەکات و هەڵبژاردە بەشدارەکانیش زۆرتر دەبن. 
 
جیا لە زیادکردنی تیپەکان، ئەمساڵ کۆی گشتیی خەڵاتەکانیش بەرێژەی 300٪ لە چاو مۆندیالی پێشوودا زیادکراون، هەروەها 10 هێندەی مۆندیالی 2015 زیاترن، بەو پێیەی کە 150 ملیۆن دۆلار کۆی گشتیی خەڵاتەکانە، بەڵام هێشتا ناگاتە نیوەی خەڵاتە داراییەکانی تۆپی پێی پیاوان کە 440 ملیۆن دۆلارە. 
 
ئەو هەڵبژاردانەی کە بەربژێرن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، هەڵبژاردە کلاسیکییەکانن، وەک ئەمریکا کە خاوەنی زۆرترین نازناوە، کە هەڵگری نازناوەکەشە.
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیای دووەمی یۆرۆی رابردوو یەکێكە لە بەربژێرەکان، بێگومان ئەگەر دووەمی یۆرۆ بەربژێر بێت، ئەوا یەکەمی یۆرۆ کە هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە یەکێكە لە تیمە بەهێز و بەربژێرەکان بۆ نازناوەکە، سوێد، فەرەنسا و هەردوو وڵاتی میوانداریش لە ریزی تیمە گەورەکانی مۆندیالی ئافرەتاندان.