مۆندیالی خانمان بەبردنەوەی نیوزیلەندا دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

کاروانی یارییەکانی مۆندیالی خانمان، کە رکابەرییەکانی لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەڕێوەدەچن، بە یەکەم بردنەوەی نیوزیلەندا کەوتەڕێ.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆکلاندی پایتەختی نیوزیلەندا و بە ئامادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و هەزاران هاندەر، ئاهەنگی دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی خانمان بەڕێوەچوو، دوای رێوڕەسمەکەش یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان نیوزیلەندا و نەرویج دەستیپێکرد.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی هەردوولا سەرەڕای ئەوەی چەند هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و بە ئەنجامێکی سپی نیوەی یەکەم کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 48 هانا ویلکینسن گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی خانمانی نیوزیلەندا تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
 
دوای ئەم گۆڵە نەرویج هەوڵیدەدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە و نیوزیلەنداش بۆ پارێزگاریکردن لە ئەنجامی یارییەکە یارییدەکرد، لە دوایین خولەکی کاتی ئاسایی یارییەکەدا لێدانێکی سزا بۆ هەڵبژاردەی میواندار هەژمارکرا، بەڵام ریا پێرسیڤالی نەیتوانی لێدانەکە بەسەرکەوتوویی جێبەجێبکات و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی نیوزیلەندا کۆتاییهات و هەڵبژاردەکە یەکەم سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
نیوزیلەندا و نەرویج لە کۆمەڵەی یەکەمدا یارییدەکەن و هەردوو هەڵبژاردەی فیلیپین و سویسراش لە کۆمەڵەکەدا یاوەرییان دەکەن.