ڤیدیۆ؛ ئەو یاریزانەی بەهۆی سەرپۆشەکەیەوە ناوی دەچێتە نێو مێژووی مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ
 
مەشقەکانی هەڵبژاردەی مەغریبە، بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی مۆندیالی خانمانی 2023 کە رکابەرییەکانی لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەڕێوەدەچن.
 
مەغریب تاکە هەڵبژاردەی عەرەبییە بەشداریی لە مۆندیالی خانماندا کردووە، ئەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بۆ هەڵبژاردە لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، خانمانی مەغریب دەیانەوێت ئەوەی پیاوەکانیان لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر کردیان ئەوانیش بیکەن و بە ئاست و ئەنجامی باشەوە لە مۆندیالەکەدا دەربکەون.
 
سەرنجڕاکێشتر لە هەموو ئەمانە، لە ریزەکانی هەڵبژاردەی مەغریب یاریزانێک دەبینێرێت، کە هەڵبژاردەکە بەتەواوی لە هەموو هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی خانمان جیادەکاتەوە.
 
یاریزانەکە ناوی نوهەیلا بنزینایە، ئەم یاریزانە بە سەرپووشەوە یارییدەکات و دەبێتە یەکەم خانمی بەشدار لە مۆندیالدا کە بەو شێوەیە یاریی بکات.
 
نوهەیلا جگە لەوەی بەهۆی سەرپووشەکەیەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، بە ئاستە بەرزەکەشی شوێنی خۆی لە ریزەکانی هەڵبژاردەی خانمانی وڵاتەکەیدا پاراستووە و لە مۆندیالی ئەمجارەش دەیەوێت سەرکردایەتی تیپەکە بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، بەتایبەت کە ئەم یاریزانە لە باشترین یاریزانەکانی نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەکەیە.
 
نوهەیلا بنزینا دەڵێت "چەند ساڵێک بوو هەوڵماندەدا بگەینە مۆندیال، بەڵام سەرنەدەکەوتین، سوپاس بۆ خوا ئەمجارە دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان بگەینە ئامانجەکەمان و سەرکەوتین، پشتبەخوا بەشداری لە مۆندیالدا دەکەین و ئاڵای مەغریب بەرزدەکەینەوە."
 
بنزینا لە 11-5-1998 لە دایکبووە، لە هێڵی بەرگری یارییدەکات و یاریزانی یانەی جەیشی مەلەکی مەغریبییە و ساڵی 2022 رۆڵی گەورەی بینی بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقای خانمان لەگەڵ یانەی جەیشی مەلەکی.
 
هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی خانماندا، لە کۆمەڵەی هەشتەم یارییدەکات، یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە رۆژی 24ـی ئەم مانگە بەرامبەر ئەڵمانیا دەبێت، دوای 6 رۆژ لەو یارییەش رووبەڕووی کۆریای باشوور دەبێتەوە و دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا 3-8 بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەبێت.