فەرمی؛ سانتی کازۆرلا چووە یانەی سەد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی سەدی قەتەری، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی سانتی کازۆرلا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڤیاریالی ئیسپانیی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.

سەد لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تویتەر ڤیدیۆیەکی یاریزانەکەی داناوە و نووسیوویەتی، رێککەوتنی نێوان ئێمە و سانتی کازۆرلا تەواو بوو، یاریزانەکە لە نزیکدا دەگاتە دەوحە و نووسیوویەتی بەخێربێیت سانتی بۆ یانەی سەد.

شەوی یەکشەممە سانتی کازۆرلا، دوایین یاریی خۆی بەدرێسی ڤیاریالەوە ئەنجامدا، لەنێو پێشوازیەکی گەورەی یاریزانانی یانەکەدا ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و وەرزی داهاتوو لە ژێر سەرپەشتی چاڤی هێرناندێز یارییدەکات.

کازۆرلا لە ساڵی 2016 بەهۆی نەخۆشی گانگرینەوە خەریکبوو واز لە یارییکردن بهێنێت و پزیشکەکانیش پێیانگوتبوو، کە چیدیکە ناتوانێت بە قاچەکانی بڕوات، بەڵام یاریزانەکە دوای چەند نەشتەرگەرییەک گەڕایەوە و ئێستاش لە یارییکردن بەردەوامە.

گرێبەستکردنی یانەی سەد لەگەڵ سانتی کازۆرلا لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر یانەکە گرێبەستی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەی بۆ وەرزێکی دیکە و گرێبەستی ئەکرەم عەفیف، ئەستێرەی یانەکەیشی تاوەکو 2025 نوێکردەوە.