حەوتەم رۆژی شرۆڤەی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەمیوانداریی دەشنێ موراد بەڕێوەچوو

رووداو دیجتاڵ

دەشنێ موراد، میوانی حەوتەم رۆژی شرۆڤەی یارییەکانی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 بوو، کە سێ یاریی دیکەی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان بەڕێوەچوون، و تۆڕی میدیای رووداو بە کۆمەڵێک بووڵتەن، لایڤ و شرۆڤە، رووماڵێکی پڕ زانیاری و پڕ بینەری هەبوو.
 
رووماڵی حەوتەم رۆژی رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بە بووڵتەنی کاژێر 8:30 دەستپێکرد، و سامان وڵاتژێری لە رێگەی گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداو گەیاند.
 
لە حەوتەم رۆژدا، رووداو میوانێکی تایبەتی هەبوو، کە دەشنێ مورادی خانمە گۆرانیبێژو هونەرمەندی ناسراوی کورد بوو، و لەگەڵ سێ شرۆڤەکارەکەی رووداو شرۆڤەی یارییەکانی دەکرد. 
 
سێ یاریی ئەنجام دران، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی دووەمی یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، سلۆڤینیا و سربیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بەئەنجامی 1-1 یەکسان بوون.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە یارییەکە ئاستێکی ناوەندی هەبوو، وهەردوو تیپ بە یەکسانبوون رازی بوون.
 
لە بووڵتەنی 13:30ـدا، دڵنیا رەحمانی، نێردراوی رووداو لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی یارییە گرنگەکەی نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیای وەرگرت. لەسەر هەر روومەتێکیشی ئاڵای یەکێک لەو دوو وڵاتەی نەخشاندبوو، ئەگەرچی راشکاوانە گوتی "من هاندەری ئیتاڵیام".
 
یاریی دووەم لەنێوان دانیمارک و ئینگلتەرا بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی هەمان کۆمەڵەدا، کە ئەو یارییەش بەهەمان ئەنجامی یاریی پێش خۆی بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.

 

شرۆڤەکارانی رووداو لەبارەی ئەو یارییەوە، رەخنەیان لە ئاستی ئینگلتەرا گرت و کامەران نەسرەدین دووپاتیکردەوە کە ئینگلتەر هەرگیز ئەو ئاستە پێشکێش ناکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا و گوتی "تیپێک ئەو هەموو ئەستێرەیەی تێدابێت، دەبێت هەمووان لێیبترسێن".
 
سێیەم یاریی، یاریی لووتکە بوو، کە لە نێوان ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەڕێوەچوو، و لە یارییەکەدا ئیسپانییەکان بەتەواوی کۆنترۆلی هەموو شتێکیان کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئیتاڵییەکانیان بردەوە.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە دەشنێ موراد، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو. کە جگە لەوەی باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ وەرزشدا هەیە، شرۆڤەی یارییەکانیشی دەکرد و دووپاتیکردەوە کە هاندەرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی هۆڵەندایە، و لەنێو ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـدا نزای دەکرد هۆڵەندا جامەکە بباتەوە.
 
دەشنێ موراد، باسی لەوە دەکرد کە پێشتر یاریزانێکی بەتوانای تۆپی پێ بووە و لە هۆڵەندا خەریکبووە ببێتە یاریزانی یانەیەک، بەڵام دایک و باوکی لەبەر قسەی خەڵکی نەیانهێشتووە بەردەوام بێت لە یاریکردن.
 
دەشنێ گوتی "من نەخۆشم ئەگەرنا تۆپێکم لەگەڵ خۆم دەهێنا و کەس لە منی نەدەبردەوە".
 
هەرسێ شرۆڤەکاری رووداو، رەخنەیان لە ئاستی ئیتاڵیا گرت. کامەران گوتی "لە یەکەم یارییدا رەخنەم لە ئاستی ئیتاڵیا هەبوو، کەچی هەندێک لە هاندەرانی ئازۆری لە من تووڕەبوون، ئێستا دەپرسم کامتان حەزیدەکرد ئیتاڵیا بەو ئاستەوە ببینێت؟".
 
ئەلمان عارف، زۆر سەرسام بوو بە ئاستی ئیسپانیا و گوتی "لارۆخا لە هەموو روویێکەوە ئەوەی پێویست بوو کردی".
 
هەروەها سەرمەد سامح، ئیتاڵیای رەخنەباران کرد و گوتی "ئەگەر دۆنارۆمای گۆڵپارێز نەبووایە، ئیتاڵیا چوار گۆڵی دەخوارد".
 

لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، حەیدەر دۆسکی، لە شێلادزێ بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی مۆبایلەکەی رووداو راکێشاو بۆ گەنجێکی تەمەن 12 ساڵان دەرچوو، بەناوی رامان زێدان.
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، کامەران نەسرەدین و ئەڵمان عارف بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی سێیەم لە نێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و
 
ئەمجارە عومەر تارق عەلی بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. ئەو گەنجێکی تەمەن 28 ساڵانە و پیشەی کاسبە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 

محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو، لەنێو دەستەی هاندەرانی ئیتاڵیا بوو کە لە کافێیەکی هەولێر کۆببوونەوە بۆ سەیرکردنی یارییەکە. سەرۆکی دەستەی هاندەرانی ئیتاڵیا لە کوردستان، قسەی بۆ رووداو کرد و دانی بەوەدانا کە ئیتاڵیا زۆر بەخراپی یاریکرد و سپالێتی راهێنەریش هیچ چارەسەرییەکی پێنەبوو.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی  ئیسپانیا و ئیتاڵیای وەرگرت، کە ئیسپانییەکان زۆر دڵخۆش بوون و ئیتاڵییەکان بەپێچەوانەوە نیگەرنا بوون، بەڵام دانیان بەوەدانا کە ئیتاڵی خراپ یاری کرد و ئیسپانیا شایەنی بردنەوە بوو. بەڵام ئیتاڵییەکان بێهیواش نەبوون، و هێشتا متمانەیان بە هەڵبژاردەکەیان ماوە.
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و عەلی هێمن براوە بوو.