ڤیدیۆ؛ جێسی مێسی رادەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی کردنەوەی کۆپا ئەمریکادا، کە بەرەبەیانی سبەی کاژێر 03:00 لە ئەمریکا لە نێوان ئەرجەنتین و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، پرسیار سەبارەت بە چۆنیەتی راگرتنی لیۆنێل مێسی کاپتنی ئەرجەنتین، لە جێسی مارشی راهێنەری هەڵبژاردەی کەنەدا کرا؟ ئەویش گوتی "چەند شتێک هەن پێویستە بیانکەین بۆ ئەوەی بتوانین لیۆنێل رابگرین".
 
ئەمە پوختەی قسەکانی جێسی مارش، راهێنەری هەڵبژاردەی کەنەدان سەبارەت بە چۆنیەتی راگرتنی مێسی کردی:
 
هیچ تاکتیکێکی تایبەت بەکاردەهێنم بۆ کۆنترۆڵکردنی لیۆنێل مێسی؟ ئا ئەوەیە وایلێدەکات باشترین یاریزان بێت تاوەکو ئێستا. شتگەلێکی روون هەن کە پێویستە لەگەڵیدا چارەسەری بکەین، بەڵام پێموایە کلیلەکە ئەوەیە هەمیشە ئاگاداری ئەوە بین کە لە کوێیە و دڵنیابین لەوەی کە رووبەری لەبەردەمدا نییە. دەبێت رووبەرەکان لەبەردەمیدا تەسک بکەینەوە و هەوڵبدەین شتەکان لەسەری قورس بکەین. من لەگەڵیدا یاریم کردووە، و چەندجارێک لەگەڵیدا راهێنانم کردووە و هەندێکجار سەرکەوتوو بوومە، بەڵام هەمیشە ئەو رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شتەکان جیاواز بکات، چونکە کوالیتییەکی زۆر سەرسوڕهێنەری هەیە.
 
پێموایە ئەرجەنتین لەو هەڵەیە فێربووە کە لە قەتەر بەرامبەر سعودیە کردی، ئێمە جگە لە باشترین چاوەڕوانی هیچی دیکە ناکەین لە تیپەکەیان، پێموایە گەمژەیی دەبێت ئەگەر بە باشترین شێوەی ئامادەکاری نەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.