ڤیدیۆ؛ کۆپا ئەمریکا دەستپێدەکات و بەرەبەیانی سبەی مێسی و تانگۆ یارییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

لەم یاریگەیە جوان و قەشەنگە، شریتی دەستپێکردنی پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا دەبڕدرێت، ئەرجەنتینی پاڵەوان یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات و رووبەڕووی کەنەدا دەبێتەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی مێرسیدێس بێنز بەڕێوەدەچێت، 70 هەزار لە یاریگەدا و هەزاران لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕێی دەرکەوتنێکی دیکەی ئەرجەنتین و لیۆنێل مێسی دەکەن، لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنمیبۆل دەڵێت "هەموو بلیتەکانی یاریی کردنەوە فرۆشراون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گرنگی و بەهێزی پاڵەوانێتییەکە و دەمانەوێت بە باشترین شێوە دەستپێبکەین."
 
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئەرجەنتین، پاڵەوانی وەشانی رابردوو و خاوەنی پازدە نازناوی کۆپا ئەمریکا، بەسەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی یەکەم هەنگاوی دەنێت، بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی پاڵەوانێتییە کیشوەرەکە.
 
تانگۆ ئامادەکارییەکی زۆری بۆ پاڵەوانێتییەکە کردووە، لیۆنێل سکالۆنی چاوی لەوەیە بەبردنەوەی دووەم نازناوی لەسەریەکی پاڵەوانێتییەکە، خۆی بکاتە راهێنەرێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەدا.
 
ئەرجەنتین لە دوای بردنەوەی مۆندیالی قەتەر، هێشتا ویستی بردنەوە و سەرکەوتن لە بیرکردنەوەیاندا زاڵە، بۆیەش هەڵبژاردەکە بەباشترین ئامادەکارییەوە بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەیە.
 
ئەوەی بەرامبەر ئەرجەنتین یاریی دەکات کەنەدایە، ئەوان یەکەمجارە بەشداری لە کۆپا ئەمریکادا دەکەن و پێشتر هیچ ئەزموونێکیان لە پاڵەوانێتییەکەدا نەبووە.
 
کەنەدا ماوەیەک لەمەوبەر جیسی مارشی وەکو راهێنەری هەڵبژاردەکە دەستنیشانکرد، خاوەنی پێکهاتەیەکی لاوە و تەنیا 2 یاریزانی لەسەرووی تەمەنی 26 ساڵە، ئەزموونێکی کەمیان لە یاریی نێودەوڵەتیدا هەیە و 12 یاریزانی کەمتر لە 10 یاریی نێودەوڵەتیان کردووە، بەڵام تیپێکن خەون دەبینن و دەیانەوێت خەونەکانیان بکەنە راستی، بۆ گەیشتن بەوەش چاویان لەوەیە بەبردنەوە لە ئەرجەنتین دەستپێبکەن.