ڤیدیۆ؛ ئەو یارییەی لە یۆرۆدا هەموو سەرنجەکان دەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆتاییەکی پێشوەخت، لە دەستپێکی یۆرۆدا، لە کۆمەڵەی ئاگریندا بە ئامانجی بردنەوەی دووەم یاریی لەسەریەک هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا، دوو ناوی دیار و خاوەن مێژوو رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە سەرنجەکان دەباتە سەر یاریگە ڤیلتنس ئارێنا لە کیلسنگێرشن، ئیسپانییەکان یاریی یەکەمیان بە ئاست ئەنجام بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەرامبەر کرواتیا بەدەستهێنا، ئەوان خاوەنی پێکهاتەیەکی تێکەڵن لە یاریزانی لاو و بە ئەزموون.
 
یارییەکەی بەرامبەر ئازووری تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ پێکهاتەی لویس دێلا فوێنتێ و لارۆخا دەیەوێت وەڵامی هەموو ئەوانە بداتەوە کە پێیاوابوو ئیسپانیا بەربژێر نییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
 
لویس دێلا فوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا بەر لە یارییەکە گوتی "بێ هیچ گۆمانێک دەمانەوێت لە ئیتاڵیا ببەینەوە، ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بۆ ئێمە تاوەکو ئێستا گرنگترینە، بۆیە ئەوە تاکە شتە کە بیری لێدەکەینەوە، چونکە یارییەکە زۆر زۆر گرنگە، ئەو کاتەی بۆ یارییەکە بەردەستە زۆر گرنگە، ئێمە هەموو یارییەک بۆ بردنەوە یاری دەکەین، بیرکردنەوە لە هەر ئەنجامێکی دیکە جگە لەوە هەڵەیە."
 
لە بەرامبەردا ئیتاڵیا لە یاریی یەکەمدا سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرزی پێشکێش نەکرد، بەڵام بەزەحمەت لە هەڵبژاردەی ئەلبانیای بردەوە و یەکەم سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
لوچیانۆ سپالێتی دەیەوێت یاریی بەرامبەر ئیسپانیا، بکاتە هەنگاوی سەرەتا بۆ گۆڕانکاریکردن لە ئاستی تیپەکەی، لەکاتێکدا دەزانێت بەرامبەر ئیسپانیا پێویستیی بە ماندووبوونێکی زیاترە بۆ گەیشتن بە بردنەوەی دووەم لەسەریەک.
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری ئیتاڵیا دەڵێت "لە رۆژی یارییەکەدا پێکهاتەی سەرەکی یەکلادەکەمەوە، رۆژی بەر لە یارییەکە هیچ هەواڵێکم نییە کە کێ بەرامبەر ئیسپانیا یاری دەکات، لە کاتی یارییەکەدا پێتانی دەڵێم، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین یارییەکانی ژیانی وەرزشیم لەگەڵ ئیتاڵیا، بەڵێ چەند یارییەکی گرنگ هەبووە، ئەم یارییەش هەروایە و هەموومان چیرۆکێکمان هەیە بۆ گێرانەوەی، کاتێک یاریزانەکان دەگەنە تەمەنی من چیرۆکیان دەبێت بۆ گێڕانەوە، چونکە یارییەکان لە داهاتوودا دەبنە چیرۆک بۆ ئەوەی بیگێڕنەوە."
 
ئیسپانیا و ئیتاڵیا ئەزموونێکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە و ئاشنان بە شێواز و مێژووی یارییکردنی یەکدی، براوەی یارییەکە شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتوودا دەکاتەوە و رکابەرەکانیشی لە پاڵەوانێتییەکەدا زیاتر لە ئاستی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.