خوسێلۆ بەلێدوانێک هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد

20-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خوسێلۆ ریال مەدرید گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی خوسێلۆی یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند، یاریزانەکەش دەڵێت "نەهاتووم شوێنی بنزیما پڕبکەمەوە."
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خوسێلۆ لە نۆرینگەی تایبەتی یانەکە پشکنینە پزیشکییەکانی ئەنجامدا، دوای ئەوە لە رێوڕەسمێکدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەکە کرد، کە بەشێوەی خواستن دەبێت بۆ وەرزێک و ئەگەری کڕینەوەی یاریزانەکەشی بەشێوەی هەمیشەیی لەگەڵە.
 
دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی خوسێلۆ بەدرێسی ژمارە 14ـەوە لەبەردەم 14 نازناوەکەی چامپیۆنزلیگی ریال مەدرید وێنەی یادگاریی تۆمارکرد و بووە یاریزانی یانەکە.
 
لە رێوڕەسمی ناساندنەکەیدا، خوسێلۆ بە ئامادەبووانی گوت "بنزیما یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهانە، بەڵام من نەهاتووم بۆ ئەوەی لە ریال مەدرید قەرەبووی چوونی ئەو و هیچ یاریزانێکی دیکە بکەمەوە."
 
یاریزانە ئیسپانییەکە زیاتر گوتی "دەمەوێت لە ریال مەدرید بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوم و هاتووم بۆ ئەوەی زۆرترین گۆڵ بەدرێسی یانەکەوە تۆماربکەم."
 
خوسێلۆ لە رێوڕەسمەکەدا هاوژینەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد و دوور لە چاوەڕوانییەکان گوتی "داوای لێبوردن لە هاوژینەکەم و منداڵەکانم دەکەم، بەڵام ئەمە خۆشترین ساتە لە ژیانی مندا، گەڕانەوەم بۆ ریال مەدرید خەونێک بوو و بووە راستی."
 
لەبارەی وەرگرتنی درێسی ژمارە 14ـەوە لە کاتێکدا ژمارە 9 لای هیچ یاریزانێک نییە خوسێلۆ گوتی "شانازی بە پۆشینی درێسی ریال مەدریدەوە دەکەم، ژمارەی درێس لای من شتێکی لاوەکییە."
 
خوسێلۆ لە 2009 تاوەکو 2012 یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو، بەڵام زۆرینەی کاتەکانی لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکە بوو و بەدرێسی تیپی یەکەمەوە تەنیا یەک یاریی ئەنجامدابوو، دوای چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە لە یانەکە و تاقیکردنەوەی چەندین یانەی جیاواز لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ئینگلتەرا یاریزانەکە گەڕایەوە یانەی شاهانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە