ئەمشەو رۆناڵدۆ یاریی 200ـی بۆ بەرازیلی ئەوروپا ئەنجام دەدات

20-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی ژمارە 200
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەبەردەم تۆمارکردنی ژمارەیەکی دیکەی مێژوویی و پێشتر نەبینراودا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ جیهان دەباتەوە بەردەم یەکەم رۆژی دەرکەوتنی بە درێسی پۆرتوگالەوە و دوای بیست ساڵی رێک، جارێکی دیکە بەهەمان درێسەوە مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە و ئەمشەو یاریی ژمارە 200 لە ژیانی خۆیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامدەدات.
 
کریس یەکەمجار کە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پۆشی، لە مانگی هەشتی ساڵی 2003دا بوو کاتێک لە یاریی پۆرتوگال بەرامبەر کازاخستان لە شوێنی لویس فیگۆ، یەکێک لە یاریزانە مێژووییەکانی هەڵبژاردەکە دەرکەوت.. ئەوکات کریس گەنجێکی تازە دەرکەوتووی بەهرەمەند بوو کە جیهان چاوەڕێی درەوشانەوەی دەکرد و هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەکەدا رێنوێنییان دەکرد تاوەکو ئاستێکی باش پێشکێش بکات. ئێستا دوای ساڵانێکی زۆر لەو دەرکەوتنەی سەرەتا، کریس خۆی رێنوێنیکەر و رێنیشاندەری سەرجەم ئەو یاریزانانەی درێسەکەی بەرازیلی ئەوروپا لەبەردەکەن.
 
رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا 199 یاریی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەنجامداوە، گەرچی ئەو دەڵێ من بەدوای ژمارە پێوانەییەکانەوە نیم، ئەو ژمارە پێوانییەکانن بەشوێنمدا رادەکەن، بەڵام بۆ ئەو ئەمشەو، شەوێکی ناوازەیە، شەوی نووسینەوەی دووسەدجار دەرکەوتن لە سەرانسەری جیهاندا، بە درێسی پۆرتوگالەوە.
 
رۆناڵدۆ لەبەردەم شەوێکی جادووییدا دەبێت، هەندێک دەپرسن کەی ئەم پیرە پیاوە واز لە یاریی دەهێنێت، بەڵام خەونەکانی ئەو، سنووری خەونی هەموو ئەوانیدیکەی تێپەڕاندووە و دەڵێ، کاروان و دەرکەوتن و یارییکردنم لەگەڵ پۆرتوگال، بەمنزیکانە کۆتایی نایەت.
 
رۆناڵدۆ کە ئێستا لە پاییزی یارییکردنی خۆیدایە، بەتەمەنی 38 ساڵییەوە چاوی لە دەستکەوتی دیکەیە. بۆ ئەو ئەنجامدانی 200 یاریی بۆ پۆرتوگال هیچ نییە جگە لە پێشاندانی خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی خۆی. چونکە ئەوە وەک کریستیانۆ دەڵێ، کاروانێکی درێژ بوو کە هیوادارم بەمنزیکانە کۆتایی نەیەت و هیواداریشم بەبوون و نەبوونی من، پۆرتوگال بباتەوە.
 
رۆناڵدۆ لە کاروانی بیست ساڵەی دەرکەوتنی لەگەڵ پۆرتوگال، هەڵبژاردەکەی لە هەڵبژاردەیەکی هەمیشە چاوەڕوان و شکستخواردوو لە دوا مەترەکانی رکابەرییەوە گۆڕی بۆ هەڵبژاردەیەک کە چاوەڕوانییەکانی لەبەردەم نازناوەکان کۆتاییان هات و بووە ناوێک، لە دەرکەوتن لە هەموو پاڵەوانێتییەکەدا، بەبەربژێرێکی بەهێز بۆ بردنەوەی نازناوەکان تەماشا بکرێت.
 
لەگەڵ کریسدا، پۆرتوگال بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا خۆی لەسەر سەکۆی نازناوی یۆرۆ بینییەوە.. ئاستە ناوازەکەی هەڵبژاردەکە بەپێشەوایەتی رۆناڵدۆ گەیشتە ئەوەی پۆرتوگال یەکەم هەڵبژاردەش بێت لە مێژوودا، نازناوی نەیشنسلیگ بباتەوە.
 
رۆناڵدۆ کە وەک هەمیشە لەبەردەم رەخنەکاندا چۆک دانادات و لە دوای شکست لە شوێنێکدا، سەرکەوتن و سەروەریی لە شوێنێکی دیکەدا دەنووسێتەوە.. ئێستا پاش وەرزێکی خراپ و پڕ لە نادیاریی و کێشە لەسەر ئاستی یانە، دەیەوێت قەرەبووی هەموو رەخنەکان لە رێگەی هەڵبژاردەکەیەوە بکاتەوە و لانیکەم، گۆڵێکی دیکە بخاتە سەر کۆی گۆڵەکانی بۆ پۆرتوگال کە بەر لە یارییەکەی ئەمشەو ژمارەیان 122 گۆڵە.
 
بۆ رۆناڵدۆ، بۆ هاندەرانی پۆرتوگال، بۆ هەموو ئەوانەی لە دونیادا ساڵانێکە چێژ لە جادوو و درەوشانەوە و سەرکەوتنەکانی دۆن دەبینن، ئەمشەو شەوێکی ناوازە دەبێت، شەوی دووسەد یاریی لە کاروانی یارییکردنی رۆناڵدۆ لەگەڵ پۆرتوگال، شەوێک کە دەکرێ تاوەکو مێژوویەکی دوور، کەسێکی دیکە دەرنەکەوێت و یادگارییەکانی بسڕێتەوە و مێژوویەکی نوێ، بنووسێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە