پیکێ بەڵێنەکانی ناباتە سەر

رووداو دیجیتاڵ

 

جیرارد پیکێ بووەتە بەڵایەکی گەورە بۆ بارسێلۆنا و بەشێکە لە کێشەکانی ئێستای یانەکەی، کە کارگێڕیی بارسێلۆنا کار بۆ چارەسەرکردنی دەکات.
 
پێشتر میدیایی ئیسپانیا بڵاویکردبووە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا نایەوێت پشت بە یاریزانەکە ببەستێت، بەڵام پیکێ بەڵێنی داوە هەموو بیرکردنەوەی لەسەر تۆپی پێ بێت، بەڵام لە دوایین پێشهاتدا خوان لاپۆرتا و چاڤی هێرناندێز تووشی شۆک بوون، کاتێک زانیویانە، پیکێ سەرەڕای ئەوەی گوتبووی تەنیا بیر لە تۆپی پێ دەکاتەوە، بەڵام 26ـی ئەم مانگە بەشداری لە ئاهەنگێکی یاریی کیک بۆکسینگ دەکات، دوای ئەوەش بەشداری لە کردنەوەی چێشتخانەیەک دەکات لە ئەندۆرا، ئەمە لاپۆرتا و چاڤی و نیگەرانکردووە.
 
بەپێی سەرچاوەکان، پیکێ ئامادەنییە مووچەکەی لە بارسێلۆنا کەمبکاتەوە، بەڵام دوایخستووە، وەرزی داهاتوو دەبێت 41 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، وەرزی دوای ئەوەش 41 ملیۆن یۆرۆ و دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەشی 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڕێوەبەرایەتی بارسێلۆنا دەیەوێت پێشکۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی کێشەی پیکێ چارەسەر بکات.
 
پیکێ یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی بارسێلۆنا و هەمیشە وەک کاراکتەرێکی گرنگ سەیری دەکرێت، بۆیە هەر کاتێک ببێتە هۆکاری کێشەیەک، چارەسەرکردنی ئاڵۆزە.
 
پیکێ تەمەنی 35 ساڵە، لە ساڵی 2008ـەوە یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکات، دوای لە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە گەڕایەوە کامپ نو.
 
بەر لە چەند رۆژێک، چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکرد کە یانەی بارسێلۆنا هەوڵی رازیکردنی پیکێ دەدات لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا وازبێنێت، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی تا هاوینی 2024 درێژکراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پیکێ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین مووچەی هەیە لە بارسێلۆنا و ئەگەر لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا وازبهێنێت، چەندین ملیۆن یۆرۆ بۆ یانەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر میدیای کەتەلۆنیا باسی لەوە کرد کە چاڤی بە پیکێی گوتووە دەبێت هەموو کات و بیرکردنەوەت بۆ تۆپی پێ تەرخان بکەی، ئەویش بەڵێنی پێداوە وابکات، بەڵام وادیارە ناتوانێت بەڵێنەکەی بباتە سەر.