چیرۆکی من.. سادیۆ مانێ.. خاکیترین یاریزانی جیهان

20-06-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سادیۆ مانێ چیرۆکی من
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خاوەنی دەیان ملیۆن پاوەندە، یەکێکە لە ئەستێرە هەرە دیارەکانی ئێستای دونیا.. گۆڵکەر و مەترسیدارە.. ژیانێکی خۆش و بێ کێشە بەسەردەبات.. بەڵام هەرگیز لەبیری نەکردووە لەکوێوە هاتووە، هەر بۆیە لەم هاوینەدا و لە کاتێکدا هەموو هاوڕێکانی لە شوێن و هەوارگە و پانکە جیاوازەکاندا سەرقاڵی بەسەربردنی پشووەکانیانن، ئەو لەنێو یاریگەیەکی قوڕاویدا یاریدەکات و شەرم لەوە ناکات منداڵ و لاوانی گوندەکەی فاوڵی لێبگرن و تۆپی لێ بستێنن.
 
سادیۆ مانێ، ئەو یاریزانەی ئیدی درێسی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەپۆشێت، پاش کاروانێکی سەرکەوتوو لە میتز و پاشان رێد بۆڵ سالسبۆرگ، پاشان ساوسامپتۆن و دواتریش لووتکە لە لیڤەرپوولدا.
 
مانێ بۆ ئەوەی لە منداڵێکی ئاسایی گوندەوە ببێتە یاریزان، دەبوو لە گووندەکەی خۆیانەوە بۆ داکار کۆچ بکات، لەوێ پەیوەندی بە ئەکادیمیای گینیریشن فوتەوە بکات و بۆ مانەوەش لە ماڵێکدا بمێنێتەوە کە کەسوکارەکەی دەیانناسین. مانێ دەڵێ ئەوان منیان گەورەکرد، بایەخیان پێدام و هەموو شتێکیان بۆ کردم، لەوێ مامەوە تائەوکاتەی روومکردە یانەی میتز.
 
مانێ ئێستا نەک هەر هێرشبەرێکی کاریگەرە لەو یانانەی یارییان بۆ دەکات، بەڵکو بۆ سەنیگال و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی سیمبولی سەرکەوتن و درەوشانەوەیە، ئەو بووە هۆکاری بەدەستهێنانی نازناوی نەتەوەکانی ئەفریقیا، هەر ئەویش هۆکاربوو بۆ گەیشتن بەمۆندیال، خۆی دەڵێ هەرگیز ناتوانم یادەوەرییەکانی مۆندیالی 2002 لەبیر بکەم، ئەوکات من گەنجێکبووم و رووداوەکانی ئەو مۆندیالە، وەک بۆنەیەکی نیشتمانیی گەورەی لێهاتبوو، هەڵبژاردەی وڵات بوو بووە خەم و خەون و خۆراکی هەمووان.
 
ساڵی 2014 بەرلەوەی روو لە ئینگلتەرا بکات، سپارتاک مۆسکۆی رووسی، دەستەوارەیەکی خەیاڵییان بەمانێدا، بەڵام ئەو کاتێک ئاوڕی لەو دەستەوارەیە دایەوە کە بۆرووسیا دۆرتمۆند بەسەرپەرشتی یۆرگن کلۆپ خستبوویە روو، زۆر سەرنجڕاکێش دەهاتە بەرچاو. کلۆپ وەک خووی هەمیشەیی تەلەفۆنی بۆ مانێ کرد و پێیگوت دەمەوێ پێکەوە دابنیشین، باسی ئەوە بکەین، چۆن دەتوانی بردنەوەم بۆ دەستەبەر بکەیت. بەڵام ئەوکات سالزبۆرگ کە مانێ یاری بۆ دەکردن، سەرسەخت و تووند بەڕووی دەستەوارەکەدا وەستانەوە و رێگرییان لە روودانیکرد.
 
ویستی مانێ بۆ یاریکردن لەژێر دەستی کڵۆپدا و ویستی کڵۆپ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مانێ، هەر بەخەیاڵ نەمانەوە، زۆری نەویست کڵۆپ لە لیڤەرپوولەوە داوای مانێی کرد و دەستەوارەکە سەریگرت.
 
وێڕای سەرکەوتن و درەوشانەوەکان، نازناو و ناوبانگە گەورەکە، بەڵام مانێ هێشتا ئەوەی لەبیرنەکردووە کە زۆر بچووک بوو کاتێک سەنیگالی بەجێهێشت، لە گەڕەکەکەی منداڵی و هاوڕێکانی دوورکەوتەوە، ئەو هەموو کات دەگێڕێتەوە کە لە سەرەتاوە تاسەی بۆ کەسوکارەکەی زۆر قورسبوون لە ژیانیدا، تەنیا تۆپی پێبوو دەیتوانی ئەو تاسەیە کەمێک بشکێنێت. مانێ ئێستا خۆی بۆ بەجێهێشتنی کلۆپ ئامادە دەکات، ئەو راهێنەرەی وەکخۆی دەڵێ، فێری زۆر شتیکردووە لە دونیای تۆپی پێدا و کەسایەتی ئەوی زۆر گۆڕیوە.
 
لەو رۆژەوەی مانێ لەگەڵ مامیدا روویکردە داکار تائێستا، زۆر شت لە ژیانی ئەودا گۆڕاون، بەڵام یادەوەرییەکان وەکخۆیان ماون، ئەو دەڵێ هەشت ساڵە ئەوە روویداوە، بەڵام هەموو کات دڵم دەمباتەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، ئێستاش باوکم دەبینم لەبەردەم مزگەوتی گوندەکەدا راوەستاوە و وەڵامی سڵاوی خەڵک دەداتەوە، هەر کاتێک دەچمە بەردەمی، یەکەم قسەی ئەوەیە کە سەرزەنشتم دەکات لەسەر ستایلی پرچەکەم، دواتر بەخێرهاتنەوەم دەکات. 
 
ئەوانە هەموویان وایانکردووە من نەتوانم بگۆڕێم، چونکە هەموو رۆژ دەبێ گوێ لە ئامۆژگارییەکانی باوکم بگرم.. سۆشیال میدیام حەز لێ نییە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و ژیانی دەوڵەمەندم ناوێت، من دەبێ هەموو کات بیر لەوە بکەمەوە، پێویستە خۆراک بۆ منداڵ و ماڵباتە هەژارەکانی گوندەکەم دابین بکەم.
 
سادیۆ مانێ لە گوندەکەی خۆی ئەم کارانەی کردووە:
 
ــ قوتابخانەیەکی بە 270 هەزار یۆرۆ دروستکردووە
ــ نەخۆشخانەیەکی بە 530 هەزار یۆرۆ دروستکردووە
ــ مانگانە 70 یۆرۆ بە هەر خێزانێکی گوندەکەی دەدات.
ــ جل و بەرگی بێ بەرامبەر بۆ منداڵان دابین دەکات.
ــ دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت بۆ گوندەکەی.
ــ کردنەوەی بەنزینخانەیەک بەم زووانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).