مەسعود ئۆزێل بۆ تۆمارکردنی گۆڵێک 20 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە

20-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئۆزێل، ئارسیناڵ، ئارتێتا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەهۆی ئاستی خراپ و دەرنەکەوتنی لە یارییەکاندا، مەسعود ئۆزێلی ئەستێرەی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.

ئۆزێل کە پێشتر یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی ئارسیناڵ، لە یەکەم یاری یانەکەیدا لە دوای دەستپێکردنەوەی پرێمەرلیگ، لەلایەن مایکڵ ئارتێتای راهێنەرەوە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک، لە پێکهاتەی تیپەکە دوورخرایەوە.

ئۆزێل ساڵی 2008 گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵدا کرد و بەپێی ئەو گرێبەستە هەفتانە 432 هەزار دۆلار وەردەگرێت.

ئەو یاریزانە ئەڵمانییە، بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ تەنیا 3 گۆڵی دروستکردووە و گۆڵێکیشی تۆمارکردووە، بەپێی لێکدانەوەی رۆژنامەکانی بەریتانیا، ئۆزێل لە بەرامبەر ئەو گۆڵەدا کە ئەمساڵ تۆماریکردووە بڕی 19 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری وەرگرتوەە.

 

رۆژنامەکان دەڵێن بەراوردەکە هەر ئەوەندە نییە، ئەگەر خولەکەکانی یاریکردنی ئەو یاریزانە ئەژمار بکرێت، ئەمساڵ 1968 خولەک یاریکردووە و لێکدانەوەی مووچەکەی بەرامبەر ئەو کاتانەی یاریکردن، واتای ئەوەیە ئۆزێل لە بەرامبەر هەر خولەکێک یاریکردندا 10 هەزار دۆلاری وەرگرتووە.

ئۆزێل یەکێک بوو لەوانەی رازینەبوو 12 لەسەدی مووچەکەی کەمبکرێتەوە. هاوکات سەرچاوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە مایکڵ ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ پەیوەندی بە ئۆزێلەوە کردووە و بۆی روونکردووەتەوە هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ دوورخستنەوەی لە رووبەڕووبوونەوەکەی مانچێستەر سیتی.

ئارتێتا بە ئۆزێلی گوتووە تەنیا ویستم ئەوەت بۆ روون بکەمەوە کە هیچ مەبەستێک لە پشت دوورخستنەوەت لە یاری سیتی نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت کە پێموابوو لە رووی جەستەییەوە ئامادە نیت.

یارینەکردنی ئۆزێل و دوورخستنەوەی بەبێ هۆکار لە پێکهاتەی ئارسیناڵ بەرامبەر سیتی، دەنگدانەوەی زۆر و مشتومڕی زۆری دروستکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە