سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندیی لەگەڵ وەرزش چۆن بوو و هاندەری کێ بوو؟

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان بەرەو تاران لەگەڵ شاندێکی 8 کەسی کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵی بوو، لە رووداوێکدا هێلیکۆپتەرەکەیان لە سنووری پارێزگای تەورێز تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وەرزش هەبوو و یەکێک لەو کەسایەتیانەی وڵاتەکە بوو کە گرنگیی بە وەرزش و وەرزشڤانانی وڵاتەکەی دەدا بۆ ئەوەی زیاتر بچنە پێشەوە، بەڵام گیانی لەدەستدا و پرسیارێک بەبێ وەڵام مایەوە، ئەویش ئەوەیە سەرۆککۆمار، هاندەری کام یانە بوو، ئیستقلال یان پێرسپۆلیس؟
 
لە ماوەی رابردوودا سەرۆککۆماری ئێران چەندجارێک چاوی بە وەرزشڤانانی وڵاتەکەی کەوتووە، لەنێویاندا بەرپرسانی هەردوو یانە سەرەکییەکەی وڵاتەکە، پێرسپۆلیس و ئیستقلال، کاتێک بەرپرسانی پێرسپۆلیس درێسی سووری یانەکەیان بەدیاری دایە ئیبراهیم رەئیسی، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە سەرۆککۆمار هاندەری یانەکەیە، کاتێکیش درێسی شینی ئیستقلالی پێدرا، هەمووان گوتیان سەرۆککۆمار هاندەری ئیستقلالە، بەڵام رەئیسی هەرگیز لەو بارەیەوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە، بۆیەش پرسیارەکە بەبێ وەڵام ماوەتەوە.

 
پرسیارەکە هاندەرانی وەرزشیی هەردوو یانە بەنێوبانگەکەی ئێرانی زیاتر بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، کاتێک لە ساڵی 2022 سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو یانە درێسی ئیستقلال و پێرسپۆلیسی بەدیاری پێدرا.
 
حەسەن رۆشن، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران کە لە 1974 تاوەکو 1980 یاریی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە و یاریزانێکی دیاری یانەی ئیستقلال تاران بووەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت "لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبووینەوە و لەبارەی هەردوو یانەی ئیستقلال و پێرسپۆلیسەوە قسەمانکرد و ئەو زۆر دڵخۆشبوو.'
 
ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت "کاتێک لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆبووینەوە، درێسی هەردوو یانە درایە سەرۆککۆمار، من پێمگوت سەرۆکمان رەنگاو و رەنگە، ئەو قسانەی من پێشوازییەکی زۆری لێکرا و بە سەرۆک رەئیسیم گوت، سەرۆکەکەمان حەزی لە هەموو رەنگەکانە و ئەویش پێیگوتم، بەڵێ هەموو رەنگەکانم خۆشدەوێت."
 
پێشتر بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پێشوازیی لە بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ تیپەکە دووپاتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا.

 
لەو رێوڕەسمەدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران درێسێکی بەناوی خۆی و ژمارە 12ـەوە بەدیاری دایە سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان.
 
لە مۆندیالی 2022 کاتێک هەڵبژاردەی ئێران بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە وێڵزی بردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یاریزانانی تیپی وڵاتەکەی و دەستەی راهێنەران کرد و گوتی "لە دڵەوە سوپاسی ئێوە و راهێنەر دەکەم، سوپاسی هەموو ئەندامانی دیکەی هەڵبژاردەکە دەکەم بۆ هێنانی بەختەوەری بۆ خەڵکی وڵاتەکەمان، بە سەرکەوتنەکەتان."


 
ساڵی 2022 کاتێک ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێک چووە دەوحە، لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەرەوە درێسێکی هەڵبژاردەی قەتەری بە ژمارە 22 و ناوی خۆیەوە بەدیاری درایە سەرۆککۆماری ئێران.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هیوای سەرکەوتنی بۆ قەتەر خواست لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالدا.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان بەرەو تاران لەگەڵ شاندێکی 8 کەسی کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵی بوو، لە رووداوێکدا هێلیکۆپتەرەکەیان لە سنووری پارێزگای تەورێز تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.