ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەستێرەیەکی لەدەستدا

رووداو هەولێر 

یانەی ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەستێرەکەی لەدەست دەدات، چونکە بۆ رۆژی یارییەکە چاک نابێتەوە و پزیشکان بێئومێدیان کردووە.
 
ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، کە بڕیارە رۆژی 1ـی حوزەیرانی داهاتوو لەسەر یاریگەی وێمبڵی ئەنجام بدرێت، بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند یاری دەکات، بەڵام لە هەوڵەکانی یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی بێبەش دەبێت.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، ئۆریلیان چوامینی، ئەستێرەی ریال مەدرید پێش یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە پێکانەکەی چاک نابێتەوە و هیچ هیوایەک نییە بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چوامینی بەهەموو شێوەیەک هەوڵیداوە کاتی چاکبوونەوەی خێراتر بکات، بەڵام ئێستا ئامادەنەبوونی لە رووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، چوامینی لە یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن تووشی پێکان بوو.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشداریکردنی چوامینی لە یۆرۆدا ئاسان نابێت، بەڵام دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوە دەدات.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، چوامینی بۆچوونی چەندین پزیشکی جۆراوجۆری وەرگرتووە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک کە کاتەکانی چاکبوونەوەی کەم بکاتەوە، تەنانەت گەشتی کردووە بۆ ئەمریکا بۆ گوێگرتن لە ئامۆژگاری پزیشکی پسپۆڕیی ئەمریکی، بەڵام هەمووان دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەو کاتەی سەرەتا بۆیان داناوە کەمتر نابێتەوە.
 
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە پێکانەکانی پەیوەست بە شکانی ئێسک، پێویستە یاریزانەکان پابەندبن بە بەروارە دیاریکراوەکانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ یارییەکان و تووشی دۆخی خراپتر نەبن.