لە کۆبوونەوەی لاپۆرتا و چاڤیدا چی روویدا؟

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، رووداوەکانی نێو کۆبوونەوەی نێوان چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە ئاشکرا دەکات. دەشڵێت "چاڤی دوای کۆبوونەوەکە گوتوویەتی یانەکە متمانەی بە منە". 
 
دوای بردنەوەیان لە رایۆ ڤاییکانۆ بە ئەنجامی 3-0 لە لالیگادا، کە لە یاریگەی مۆنتجیک بەڕێوەچوو، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە لەگەڵ چاڤی کۆبوونەتەوە.
 
بەپێی رادیۆی کەتەلۆنیا، چاڤی و لاپۆرتا کاژێر 10ـی شەو بە کاتی ئیسپانیا یەکدییان بینیوە، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، وەک چۆن زۆرجار دوای ئەو یارییانە روودەدات کە لەسەر خاکی بارسا بەڕێوەدەچن.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆبوونەوەکە ئاسایی بووە، و هیچ بڕیارێک تێیدا نەدراوە، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی سەرەتا رۆیشتووە، دواتر ماوەیەکی کەم دوای ئەو، لاپۆرتاش رۆیشتووە.
 
یانە کەتەلۆنییەکە بە قۆناخێکی پڕ لە کێشەدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەم دواییە ئاماژەیان بە خواستی لاپۆرتا کرد بۆ دەرکردنی چاڤی، بەهۆی رەخنەکانی لە دۆخی سەختی ئابووری یانە کەتەلۆنییەکە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، چاڤی دوای کۆبوونەوەکە دووپاتیکردبووەوە کە متمانە و پشتیوانی تەواوی خوان لاپۆرتای هەیە.
 
رادیۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم هەفتەیەدا هیچ پێشهاتێک سەبارەت بە چارەنووسی چاڤی روونادات، چاوەڕێش دەکات تاوەکو کۆتایی گەڕی داهاتوو، کە دواگەڕی لالیگا دەبێت.
 
چاڤی لە لێدوانێکی دیکەدا، بەپەرۆشەوە رایگەیاند کە ناتوانێت چاوەڕێ بکات تاوەکو وەرزی داهاتوو دەستپێدەکات، کە بێگومان ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ مانەوەی راهێنەرەکە لە شوێنی خۆی، لانیکەم بۆ وەرزی داهاتوو.